تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



سەرچاوە: نالی
عونناب
عەنناب، درەختێکی دڕکاوییە، شەش میترێک بڵندە، گەڵاکانی هێلکەیی و ددانەدارن. گوڵێکی زەرد و هێشوویی ئەگرێ، دارەکەی ڕەق و سوورە. بەرێکی ورد و خڕ و بەتام و شیرینی هەیە. لە پایزا پێ ئەگا. بۆ دەرمانیش بەکاردێ.

شەربەتی عوننابی لێوی شەککەر و بادامی چاو،
سەروی قەددت ڕاستە ئەنواعی ثیماری گرتووە
سەرچاوە: نالی
عیتاب
لۆمە و گلەیی.

مەستوورە کە حەسناوو ئەدیبە بە حیسابێ
هاتە خەوم ئەمشەو بە چ نازێک و عیتابێ!
سەرچاوە: نالی
قاب قوسین
ئەوەندەی دوو کەوان.

لە قوربی (قاب قوسین) ی دو ئەبرۆت
منی (أدنی) چ دوور و دەربەدەر مام!
سەرچاوە: نالی
قوللاب
قولاپ.

شاهێنی دو چاوت کە نیگا و مەیلی بە دانگە
کێشانی بە قوللابی دلاوێزی بژانگە
سەرچاوە: نالی
قیباب
جەمعی قوببەیە.

دوککانی توحەف، کانی حەیا، کانیی بەقا بێ
قوببەی لە قیبابی نوقەبا بێ، نەقوپابێ
سەرچاوە: نالی
لوعاب
شتێکە وەک تەنراوی جاڵجاڵۆکە لە گەرمای نیوەڕۆکاندا ئەبینرێ لە ئاسمانەوە بەرەو خوار ئەبێتەوە.

تەنی حاجی لەسەر چوارچێوەیی ناجیی دەڵێی نەعشە
لوعابی خۆر لەسەر ئیحرامی وەک کافووری ئەکفانە
سەرچاوە: نالی
میحراب
میحرابی مزگەوت، تاقێکی بەرزە لە ناوەڕاستی دیواری پێشەوەی مزگەوتدا سەرەکەی وەک کەوان هاتووەتەوە و پێشنوێژ تیا ئەوەستێ.

بێ نیییەتی تەقبیلی دەمت عاطیلە ڕۆژووم
بێ حەضرەتی میحرابی برۆت باطیلە نوێژم
سەرچاوە: نالی
میزاب
پلووسک. ئابشار

ئەم بە چاو دوڕڕ و بە سەر لەعلی هەدییە بۆ دەبا
ئەو بە تف دەیکا بە میزابی شکستەی ئابشار
سەرچاوە: نالی
ناب
بێگەرد و خاوێن. صیفەتی شەرابە.

حەریقی ضیقی زیندانم، نەسیمی صوبحدەم با بی!
ئەگەر ڕۆحی منت باقیی دەوێ، ساقی! مەیی نابێ!
سەرچاوە: نالی
هەمڕێکاب
هاوڕکێف، هاوئاوزەنگی.

هەم هەم عەنانی ئاهم و هەم هەم ڕیکابی ئەشک
ڕەحمێ بەم ئاهـ و ئەشکە بکە، هەستە بێ قوصوور
سەرچاوە: نالی
پڕکەباب
لەتاو دەردی دووری سووتاو و به کەباب بوو.

دەروونم پڕکەباب و دەردە بێ تۆ
دڵم گەرمه و هەناسەم سەردە بێ تۆ
سەرچاوە: نالی
ڕوطاب
خورمای شلی تازە.

دەخیلت بم نەخیلی یا ڕوطابی
وەها شیرین و سینە نەرم و دڵ ڕەق!