تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



Capital deepening
زۆربوونی سەرمایە (بنجداكوتانی سەرمایە، چڕبوونی سەرمایە). لە تیۆریی گەشەی ئابووریدا، واتە زۆربوونی ڕادەی سەرمایە-كار (بە پێچەوانەی پەلهاوێشتنی سەرمایەیە، capital widening).
Compensating differentials
قەرەبووكردنەوەی جیاوازی. واتە ڕێژەی هەقدەست لە ئیشەكاندا كە جیاوازییە ناپارەییەكان (كە بەپێی پارە نین) قەرەبوو یان پڕ دەكاتەوە. بۆ نموونە، هەقدەستی ئیشێكی ناخۆشی وەك چەند مانگ كاركردن لە ئالاسكا زۆرە تا لە نزیك شارەكەتدا كار بكەی.
Deficit spending
كورتهێنانی خەرجی. واتە خەرجیی شمەم و خزمەتگوزاری و دەستەبەری یەكلایەنەی حکومەت كە لە بڕی داهاتی باج و داهاتی سەرچاوەكانی تری زیاترە. جیاوازییەكە (كورتهێنانەكە) بە هۆی قەرزكردنەوە لە خەڵك پڕ دەكرێتەوە.
Expenditure multiplier
دووجاكەری خەرجی. سەیری دووجاكەر بكەن.
Government expenditure multiplier
دووجاكەری خەرجیی حکومەت. واتە زۆربوونی GDP لە ئەنجامی زیادكردنی 1 دۆلاری كڕینی حکومەت.
Independent goods
شمەكی سەربەخۆ. ئەو شمەكانەیە كە خواست لەسەری هیچ پێوەندییەكی بە شمەكەكانی تریەوە نییە و جیاوازە. بە شێوەیەكی وردتر، شمەكی A و B سەربەخۆن لە یەكتر و ئەمەیش كاتێكە كە گۆڕانی نرخی شمەكی A هیچ كاریگەرییەكی لەسەر بڕی خواست لەسەر شمەكی B نییە، لەگەڵ مانەوەی هۆكارەكانی تر وەك خۆیان.
Marginal propensity to consume (MPC)
مەیلی سنوورەكیی بەكاربردن (MPC). واتە بەكاربردنی یەك یەكەی زیاتر بە هۆی دۆلارێكی زیاتری داهاتی داشكاوەوە. جیاوازە لە نێونجی مەیلی بەكاربردن كە بریتییە لە ڕێژەی سەرجەم بەكاربردن لە سەرجەم داهاتی داشكاو.
Marginal propensity to import (〖MP〗_m)
مەیلی سنوورەكیی هاوردە (〖MP〗_m). لە ئابووریی تەڤدا بەرزبوونەوەی بەهای هاوردەیە بەپێی دۆلار (پارە) كە لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی هەر دۆلارێكی بەهای GDPیەوە سەرچاوەی گرتووە.
Marginal propensity to save (MPS)
مەیلی سنوورەكیی پاشەكەوت (MPS). ئەو بەشە دۆلارە زیادەی داهاتی داشكاوە كە پاشەكەوت دەكرێت. سەرنج بدەن بەپێی پێناسەكە، MRC + MPS = 1.
Open economy
ئابووریی كراوە. واتە ئەو ئابوورییەی كە بازڕگانیی دەرەكیی (بۆ نموونە هاوردە و هەناردە) شمەك و سەرمایەی لەگەڵ وڵاتانی تردا هەیە. ئابووریی داخراو ئەو ئابوورییەیە كە هیچ هاوردە و هەناردەیەکی نییە.
Open-economy multiplier
دووجاكەری ئابووریی كراوە. شرۆڤەی دووجاكەرە كە بۆ ئەو ئابووریە بە كار دەهێنرێ كە بازرگانیی دەرەكیی هەیە. دووجاكەری ئابووریی كراوە لە دووجاكەری ئابووریی داخراو کەمترە، چونكە پارە لە خەرجییەوە بۆ هاوردە و پاشەكەوت دەچێت.
Open-market operations
كردارەكانی بازاڕی كراوە. كرداری كڕین و فرۆشتنی بۆندەكانی حکومەتە لە لایەن بانكی ناوەندییە بۆ ئەوەی كاریگەری لەسەر یەدەگی بانك، خستنەڕووی پارە و ڕێژەی سوود دابنێت. ئەگەر كاغەزە بەهادارەكان بكڕدرێن، ئەو پارەی كە لە لایەن بانكی ناوەندییەوە دەدرێت، یەدەگی بانكە بازرگانییەكان زۆر دەكات و خستنەڕووی پارە زۆر دەکات. بەڵام فرۆشتنی كاغەزە بەهادارەكان، خستنەڕووی پارە پێچەوانە دەكاتەوە (واتە كەمی دەكاتەوە).