تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



Clearing market
دۆخی هاوسەنگیی بازاڕ (یان پاكانەی بازاڕ). ئەو بازاڕەیە كە تێیدا نرخ ئەوەندە نەرمە كە بە خێرایی خواست و خستنەڕوو هاوسەنگ دەكات. لە بازاڕێكی هاوسەنگدا، هیچ جیرەبەندییەك، سەرچاوەیەكی بێكار و بەگەڕنەخراو، یان خواست و خستنەڕووی زیادە لەئارادا نییە. لە كردەوەدا، ئەمە بۆ زۆر كەلوپەل و بازاڕی دارایی دانراوە، نەك بۆ كرێكار و زۆر بازاڕی شمەك.
Competitive market
بازاڕی ڕكەبەرایەتی. سەیری ڕكەبەرایەتیی تەواو بكەن.
Efficient financial market
بازاڕی كارامەی دارایی. بریتییە لەو بازاڕە داراییەی كە تایبەتمەندییەكانی بازاڕێكی كارامەی هەیە.
Efficient market (also efficient-market theory)
بازاڕی كارامە (یان تیۆریی بازاڕی كارامە). بریتییە لەو بازاڕە یان ئەو تیۆرییە كە تێیدا سەرجەم زانیاریی نوێ بە خێرایی لە لایەن بەشداربوانی بازاڕەوە دەقۆزرێتەوە و بەگەڕ دەخرێ و دەستبەجێ لە نرخی بازاڕدا ڕەنگ دەداتەوە. لە ئابووریدا، تیۆریی بازاڕی كارامە وای داناوە كە سەرجەم زانیارییەكانی بەردەستی ئێستا پێشتر لە نرخی پشك (یان دارەتەكانی تردا) ڕەنگیان داوەتەوە.
Foreign exchange market
بازاڕی دراوگۆڕینەوەی بیانی (یان هەر بازاڕی دراوگۆڕینەوە). ئەو بازاڕەیە كە دراوی جیاوازی وڵاتانی تێدا ئاڵوێر دەكرێت.
Market
بازاڕ. ئەو شوێنەیە كە كڕیار و فرۆشیار بە یەك دەگەن و بە هۆی كارلێكیان نرخ و بڕی شمەكێك دیاری دەكەن. هێندێک بازاڕ (وەك بازاڕی پشك یان بازاڕی دەستفرۆشی (flea market)) ڕاستەخۆ لە شوێنكدا كار دەکەن، هێندێک بازاڕ لە ڕێگەی تەلەفۆن یان ئینتەرنێتەوەیە، ئێستایش هێندێک بازاڕ لە ڕێگەی ئینتەرنێت بەڕێوە دەچێت.
Market economy
ئابووریی بازاڕ. بریتیە لەو ئابووریەی كە پرسیارەكانی چی، چۆن و بۆ كێ لەبارەی تەرخانكردنی سەرچاوەكانەوە، بە شێوەیەكی بنەڕەتی بە هۆی خواست و خستنەڕووی بازاڕەوە دیاری دەكرێت. لەم شێوازەی ڕێكخستنی ئابووریدا، بەرزترین ئاستی قازانج پاڵنەری كۆمپانیایە كە سەرچاوە دەكرێ و شمەك بەرهەم دەهێنێ و دەیفرۆشێت. خێزانەكان كە داهاتیان هەیە دەچنە بازاڕ و خواستیان لەسەر شمەك دیاری دەكەن. كارلێكی خستنەڕووی كۆمپانیاكان و خواستی خێزانەكان نرخ و بڕی شمەك دیاری دەكات.
Market equilibrium
هاوسەنگیی بازاڕ. وەك هاوسەنگیی ڕكەبەرایەتییە.
Market failure
سەرنەكەوتنی بازاڕ. بریتییە لە كەموكورتی لە سیستەمی نرخدا كە ناهێڵێت سەرچاوەكان بە كارامەیی تەرخان بكرێن. گرنگترین نموونەكانی بریتین لە كاریگەرییە دەرەكییەكان و ڕكەبەرایەتیی ناتەواو.
Market power
هێزی بازاڕ (كاریگەری لە بازاڕدا). ڕادەی كۆنتڕۆڵكردنی كۆمپانیایەك یان گرووپێك كۆمپانیایە كە لە پیشەسازییەكدا لەسەر نرخ یان بڕیارەكانی بەرهەمهێنان هەیانە. لە قۆرخكاریدا، ڕادەی هێزی كۆمپانیا لە بازاڕدا فرە زۆرە، كۆمپانیاكان لەو پیشەسازییانەیدا كە ڕكەبەرایەتیی تەواویان تێدا هەیە، هیچ هێزێكی بازاڕیان نییە. ڕێژەی كۆجێیەتی پێوەرێكە بۆ دیاریكردنی هێزی بازاڕ و زۆر بە كار دەهێنرێت.
Market share
بەشداریی بازاڕ. هەژماركردنی ڕادەی بەرهەمی كۆمپانیایەك یان گرووپێك لە كۆمپانیاكانە لە پیشەسازییەكدا.
Market-clearing price
نرخی پاكانەی بازاڕ (ناوەكەی تری نرخی هاوسەنگیی بازاڕە). واتە نرخ لە ماوەی هاوسەنگیی خواست و خستنەڕوودا. ئەمەش ئاماژەیە بەوە كە گشت داواكاریی خواست و خستنەڕوو لەو نرخەدا پڕ دەبێتەوە، كەوابوو هیچ داواكارییەكی تر لەئارا نابێت.
Money market
بازاڕی پارە. ئەم چەمەكە ئاماژەیە بە كۆمەڵێك دامەزراوە كە كڕین و فرۆشتنی ئامڕازی كورتخایەنی كریدیت وەك كاغەزە بەنرخەكانی خەزێنە (treasury bills) و كاغەزە بازرگانییەكان (commercial paper) بە ڕێوە دەبەن.
Open-market operations
كردارەكانی بازاڕی كراوە. كرداری كڕین و فرۆشتنی بۆندەكانی حکومەتە لە لایەن بانكی ناوەندییە بۆ ئەوەی كاریگەری لەسەر یەدەگی بانك، خستنەڕووی پارە و ڕێژەی سوود دابنێت. ئەگەر كاغەزە بەهادارەكان بكڕدرێن، ئەو پارەی كە لە لایەن بانكی ناوەندییەوە دەدرێت، یەدەگی بانكە بازرگانییەكان زۆر دەكات و خستنەڕووی پارە زۆر دەکات. بەڵام فرۆشتنی كاغەزە بەهادارەكان، خستنەڕووی پارە پێچەوانە دەكاتەوە (واتە كەمی دەكاتەوە).
Stock market
بازاڕی پشك. بازاڕێكی ڕێكخراوە كە تێیدا پشكی گشتی ئاڵووێر دەكرێت. لە ویلایەتە یەكگرتووەكاندا، بازاڕی نیویۆركی تایبەت بە ئاڵووێری پشك، گەورەترین بازاڕی پشكە كە پشكی كۆمپانیا گەورەكانی ئەمەریکای تێدا ئاڵووێر دەكرێت.
Capital markets (also financial markets)
بازاڕەكانی سەرمایە (هەروەها بازاڕكانی دارایی). ئەو بازاڕە داراییانەیە كە تێیاندا سەرچاوەكانی (پارە، بۆند، پشك) مامەڵە دەكرێت. ئەمانە و نێوندگرە داراییەكان (financial intermediaries)، ئەو ئامراز و دامەزراوانەن كە بە هۆیانەوە لە ئابووریدا پاشەكەوت دەكرێ و ئەو پاشەكەوتانەش دەدرێنە وەبەرهێن و وەبەرهێنان دەكرێن.
Financial markets
بازاڕە داراییەكان. ئەو بازاڕانەیە كە خزمەتگوزاری و بەرهەمەكانیان لە ئامڕازە داراییەكانی بۆ نموونە وەك پشك و بۆند پێك دێت.
Say’s Law of Markets
یاسای سەی لەمەڕ بازاڕەكان. ئەم تیۆرییە دەڵێت ''خستنەڕوو خواستی خۆی بۆ پەیدا دەبێت''. جی بی سەی لە 1803 گوتی، لەبەر ئەوەی سەرجەم هێزی كڕین ڕێك یەكسانە بە سەرجەم داهات و بەرهەم، ئەوا خواستی زیادە یان خستنەڕووی زیادە ڕوو نادات. كینز ڕەخنەی لە یاسای سەی گرت و ئاماژەی بەوە دا پێویست ناكات یەك یەكەی زیاتری دۆلاری داهات بە تەواوی خەرج بكرێت (بۆ نموونە، مەیلی سنوورەكی بۆ خەرجكردن شەرت نییە یەك (unity) بێت.