تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



ئەنگاوتن
(مست. مت.) ١- بەرد، تیر، گوللە و... لە نیشانەدان. فیشەکی بە خەسار نەدەچوو هەر دەستی لە پەلەپیتکە بەردەدا یەکێکی دەنگاوت، (دەئەنگاوت). ئەو هەموو بەردەت هاویشتێ نەت ئەنگاوت. هەر دەیئەنگێوم بۆ کوێ دەچێ. ٢- بە نەفەس و هێزی ڕوحی کەسێک تووشی ناڕەحەتی و گیر و گرفت کردن. لێمان بوونە شێخ مەند و شێخ ڕەش هەر لەوەی ئازان یەکتری بنفێون (بئەنگێون)، باسی ئەم شەخسە مەکە زۆر تووڕەیە تا ئێستا چەند کەسی ئەنگاوتووە. ٣- (مج.) دیتن، بەدی کردن. ((برایم خۆ من بە قسەی شەیتانانم دەگەڵ نەکردی، لە ڕازی کانییەم بۆ خۆم بەچاو ئەنگاوتی)) (تحفە: ج١-٣٧٦). * ئەنگافتن، پێکان (ماددی و مەعنەوی)، هەنگاوتن. (بک.) هەنگافتن. تێبــ.- مانای تەرکیبی ئەم وشەیە دەبێتە: لێل نیزیک کردنەوە، پێکەوە بەند کردن. تم: ئەنجامە.
ئەنگاوتە
(نمف. سمف.: ئەنگاوتن)، (مک.) شتێ یا کەسێ کە هۆیەکی غەیرە ماددی پێکابێتی. ڕەببی ڕۆڵە ئەنگاوتەبی. کچی دایکم حەکیمی چی ئەوە ئەنگاوتە بووە خێری بۆ لە خۆ بگرن. * ئەنگافتە. هس.: ئەنگواو، ئەنگێوراو.
ئەنگاوتە بوون
(مست. لا.)، (مک.) کتوپڕ نەخۆش کەوتن، تووشی بەڵایەک بوون ( بێ ئەوەی هۆیەکی دیاری هەبێ).
خۆئەنگاوتن
(مست. لا.) لە کاتی ڕۆیشتنا بە پاژنەی کەوشی لاقێک لە گوێزینگی قاچەکەی تر دان و بریندار کردنی.
ڕائەنگاوتن
[[ڕا (پبف.) + ئەنگاوتن]]
(مست. مت.) درێژ کردنەوەی: پەت، تەناف، گوریس، تەل و... لە نێوان دوو یا چەند کۆڵەکەی چەقاو یا سینگی داکوتراو یا هەر شتێکی تری لەم بابەتە. خێرا تەنافەکە ڕانگێوە (ڕائەنگیوە) و جلەکان هەڵخە، هێشتا تەلی کارەبایان بۆ گەڕەکی ئێمە ڕانەنگاوتووە. تێبــ.- بۆ تەلی کارەبا و تەلەفۆن و... ڕاکێشان (کعر.) و کێشان (کئێر.) دەکوترێ کە لە فارسی و عەرەبی ڕا تەرجەمە کراوە، بە لای منەوە (ڕانگاوتن) زۆر لە گوێنترە تا کێشان یا ڕاکێشان.