تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



ئارام بوون
«مستـ. لا.» 1- بێ دەنگ بوون، لە جووڵە کەوتن. 2- بڕانەوەی شەڕ و هەوا و ئاژاوە. 3- نێشتنەوەی ڕق و تووڕەیی. 4- بەس کردن لە گریان و هەرا و هوریا و قیژەقیژ. 5- شکانی ژانی برین و کەم بوون یا دامرکانی ئێش و ئازاری نەخۆشی.
ئارام لێ بڕان
«مستـ. لا.» ناڕەحەت بوون بە هۆی ژان و ئێش و نەخۆشی یان خەم و پەژارە و خەیاڵاتەوە: چەند ڕۆژە نەوزاد سوورەکوانێکی لێ هاتووە ئارامی لێ بڕاوه، لە تاو پیرۆت ئارامم لێ بڕاوه، ئەوەندی پەرۆش بوو ئارامی لێ بڕابوو* ئارام لێ هەڵگیران.
ئارام لێ بڕین
«مستـ. متـ..» کارێکی، ناڕەحەتی فیکری و جیسمی بەسەر کەسێکی دێنێ: ئەم سوورەکوانە ئارامی لە نەوزاد بڕیوە. * ئارام لێ هەڵگرتن.
ئارام لێ هەڵگرتن
«مستـ. متـ.» تمـ: ئارام لێ بڕین.
ئارام لێ هەڵگیران
«مستـ. متـ.» تمـ: ئارام لێ بڕان.
ئارام گرتن
«مستـ.. لا.» تمـ: ئارام بوون 1 و 3 و 4.
ئارامی
[[ ئارام + 3 - ئی ]]
«ستـ.» حاڵەتی هێمنی، بێدەنگی، بێ هەست و خوستی، بێ شەڕ و شۆڕی.
ئاران
«ستـ..» 1- «مکـ.» زەوی یا مەڵبەندێکی بێ گرد و تەپۆڵکه، کە زۆر گەورە نەبێ. دەشتایێکی بچوک □ «مەڕی ئاران وەکوو مەڕی کوێستانێ نیە.» 2- «سنـ.» نەرمان، تەخت «مخـ.، ج 1 - 6». 3- «نا.» چیمەن، لەوەڕگه «کف: 48» تیبــ - لە زمانی فرەنسیدا «ئارێن» کە لە «ئارێنا +زیخ» ی لاتینی وەرگیراوه، بە مەیدانی زۆرانبازی دەڵێن کە لە دەوری ڕۆمانییەکاندا، لە ناوەندی «ئامفی تیاتر» دا تەخت دەکرا و زیخیان تێدەکرد و «گلادیاتۆر» زۆریان تێدا دەگرت «تمـ: لاڕووس - 56».
ئاراو
[[ ئار؟ + ئاو ]]
«نتـ.»، «مکـ.» کەفاو و سابووناوێ کە پاش جل شوشتن لە سوێنە و تەشتا دەمێنێتەوە تێبــ. ـ ماڵە فەقیری کورد ئەو کەلوپەلەی زۆر دەربەستی خاوێنی نەبن لە «ئاراو» دا دەیشۆن، ماڵە دەوڵەمەندەکانیش جل و شتومەکی خزمەتکار و دەست و پێوەندیان. * «بکـ.» ئاراڤ: ـ بێجگە لەم مەعنایەی کە لە سەرەوە باس کرا، بە ئاو یا سابووناوێکیش دەڵێن کە بۆ جل شوشتن ئامادە کرابێ «تمـ: کفـ ـ ٤٨».
ئاشکرایی
«حمسـ.» چلۆنایەتی شتێ یا کار و مەسەلەیێکی بێ گرێ و گۆڵ. سادەیی و ڕوونی و بێ پێچ و پەنایی.: ئاشکرایی لەمە زیاتر! کە خۆی پێی لێدەنێ.
ئاشکرایی لێ گوتن
دەرخستنی نهێنی مەسەلە و کارێک، کە دوو یان چەند کەس بیزانن، لە لایەن یەکێک لە خۆیانەوە. : ئاشکرایی لێ بڵێ با بە خۆیدا بشکێتەوە. * ڕاستی لێ گوتن. ئیعتیڕاف لە سەر کردن.
ئافراندن
[ [ستـ: ١- فرا، سوه‌رێس. ٢- فرا، که‌رێت. پهـ: ئافریته‌ن ]]
«مس. متـ.»، «بکـ.» دروست کردن، داهێنان، خەلق کردن «تمـ. ژابا - ١٣» داتاشین. تێبــ. ــ دوو ڕیشەکەی ئاویستایی یەکەمیان بۆ ئەو شتە چاکە و بەکەڵکایەنە کە «ئاهۆرامەزدا، خەلقیان دەکا و دووهەمیش بۆ شتی خراپ و بێ خێر کە «ئەهریمەن» دایان دێنێ. «تمـ. پد. یەسنە. جـ١ ــ ٢٤٣»
ئامارات
[[ئامار + ئات «ئمـ. جەمع» ] [؟] ]
«نتـ.»، «گەردی تورکیا، برادۆست» ئامراز و کەلوپەلی سەنعاتێک: ئاماراتی دارتاشی. ئاماراتی خۆ بدە ئاموری پێ چاکەم. هس.: ئامراز، ئامێر.
ئامراز
[[پهـ: ئەوبزار]]
«نا.» ١- دەزگا، یان مەکینە و شتێکی کە بۆ جێ بە جێ کردنی کارێک کەڵکی لێ وەربگێرێ «چەقۆ، مشار، ڕەندە، قەڵەم...» : قەڵەم و کاغەز و مەرکەب ئامرازی نووسینن، ئوتۆمبێل و فڕۆکە ئامرازی باشن بۆ سەفەر، تفەنگ ئامرازی شەڕە. ٢- ئەدات «لە زمانەوانی و رێزماندا» : پاشبەند و پێشبەند ئامرازی داتاشینی وشەی تازەن لە زمانی کوردیدا. ئەلف و نون ئامرازی جەمعە. ٣- «مجـ.» هۆ. وەسیلە: ئیسڕائیل ئامرازی دەستی ئیمپڕیالیزمە. تێبــ. ـ بە لای منەوە، وشەی «هەوجاڕ» شکڵێکی تری ئەم وشەیە. * ئەمراز.
ئاهەنگ گێران
«مستـ. متـ.» ۱- بەرپا کردنی کۆڕی بەزم و مۆسیقا و گۆرانی، بە بۆنەی لە دایکبوونی مناڵ یا خەتەنە سۆران و شتی وا. ۲- کۆ بوونەوەی دەستەیەک بۆ ڕابوەردن و گۆرانی کوتن ٭ئاهەنگ کردن، ئاهەنگ گرتن، حەفلە، شەونشینی.
ئاواڵ کراس
«نتـ.» دەرپێی ژنانە. تێبــ. ـ ڕەنگە ناوهێنانی دەرپێ «ئەویش ژنانە» بە شوورەیی داندرابێ، بۆیە ئەم ناوەیان لێناوە. * ئاوەڵ کراس، ئاوەڵ دامان، دەرپێ. «بکـ.» هەڤال کراس «تمـ: کف، ل ـ ٣١٥».
ئاوەڵ کراس
«نتـ.»، «سیمـ.» تمـ: ئاواڵ کراس.
ئاکابرانە
[[ ئاکابر +ئانه‌/١]]
«عا. کو.»، «بنتـ.» ١- ئەوەی لە پیاو ئاکابر دەوەشێتەوه، کارێکی پیاوی ئاکابر بیکا. ئەم کوڕە بەم مناڵی خۆیەوە کارێکی هێندە ئاکابرانەی کردووه، پیاو سەری سووڕ دەمێنێ. ٢- بە شێوەی پیاوی ئاکابر، وەکوو ئاکابران.: کوڕم تۆزێ ئاکابرانە دانیشە ئەم جوڵە جوڵەت لە چیە ؟
ئاگرباران
«نتـ.»، «کنـ.» ١- گەرمای بێ ئەندازە. ٢- دابارینی گوللە لە شەڕدا، دەستڕێژ کردنی چەند کەس وێکڕا.
ئاگرباران کردن
«مستـ. متـ.» بۆمبا، گوللە تۆپ و تفەنگ و هەرچی لەم بابەتە بێ بە سەر جێگایەک یا کەسێکدا بەردانەوە.