تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



سیاسەت/ ڕامیاریی
ئەم زاراوە لە زمانی فرەنسی لە ڕیشەی politique وەرگیراوە کە ئەویش لە ڕیشەی یۆنانی politikos و ڕیشەی polis بە مانای شار وەرگیراوە. لەو سەردەمەدا politikos بە واتای «هونەر و هەڵسوکەوتی حکوومەت لە وەڵات» یان دەوڵەت ـــ شارەکانی یۆنان لێک دراوەتەوە.
سیاسەت بە گشتی بریتییە لە ستراتیجی یان مێتۆد و ڕێبازێک بۆ بەڕێوەبردن یان باشتر بەڕێوەچوونی هەر کارێک چ کارێکی شەخسی بێت چ کۆمەڵایەتی. بەڵام مانایەکی تایبەتیش بۆ ئەم زاراوە لێکدراوەتەوە کە ئەویش بریتییە لە لێکدانەوە و توێژینەوەی ڕەهەندە سیاسیەکانی دیاردە کۆمەڵایەتییەکان. بۆ نمونە دەسەڵات، دەوڵەت، ڕەفتاری سیاسی، بڕیاردانی سیاسی و بەڕێوەبردنی کاروباری گشتی.
سیاسەت بە یەکێک لە کۆنترین بەشەکانی زانستە کۆمەڵایەتییەکان دادەنرێ و کتێبی «کۆماری» پلاتۆ، یەکەم بەرهەمە کە لەم بارەوە نووسراوە و تێیدا باس لە چۆنیەتی حکوومەتی شارەکانی یۆنانی کۆن دەکات. لەم کتێبەدا پلاتۆ حکوومەتی نوخبەکان پێشنیاز دەکات. پاش پلاتۆ، ئەرەستۆ توێژینەوەیەکی قووڵتری لەمەڕ زانستی سیاسەت و شێوازی حکوومەت کردووە کە نووسینەکانی ئەو لەو بوارەدا بنچینەی زانستی ڕامیاری لە قەڵەم دەدرێن. دواتر لە سەردەمی ڕێنسانس، نیکۆلۆ ماکیاڤیلی نووسەر و سیاسەتمەداری ئیتالی کتێبێکی بە ناوی «میر» نووسیوە کە تێیدا شێوازەکانی حکوومەتکردنی ڕاڤە کردووە. (بڕوانە ماکیاڤیلیزم) ئەم کتێبە بووە هۆی ئەوە کە زۆربەی پادشایان و دەسەڵاتدارانی سەدەی هەژدە لە ئەورووپا پەیڕەوی بیر و بۆچوونەکانی بکەن.
بەڵام پێشینەی هەوڵدان بۆ بەدیهێنانی سیاسەت وەک زانستێک، دەگەڕێتەوە بۆ قوتابخانەی پۆزەتیڤیزمی ئاگۆست کۆنت (1798ـــ 1857) لە سەدەی نۆزدە. پۆزەتیڤیستەکان، پێشکەوتنی زانستە سرووشتییەکانیان بە دەرەنجامی ملنەدان بە کۆت و بەندە میتافیزیکیەکان دەزانی و خوازیاری بەکارهێنانی مێتۆدەکانی زانستی سرووشتی بوون لە توێژینەوە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکاندا. بەم بۆنەوە کۆنت لە کتێبەکەی خۆی بە ناوی «زانستی سیاسەت» ئەم ڕاستییەی سەلماندووە کە زانستی سیاسەت بە بەراوردکردن لەگەڵ زانستی فیزیا، زانستی فیزیای کۆمەڵایەتی لە ئەژمار دێت و بە هەمان شێوەی فیزیا لەگەڵ دیاردەگەلی دینامیک و ستاتیک سەروکاری هەیە.
زانستی سیاسەت بە دوو چەمک دابەش کراوە: یەکەم، بە مانای سیستەمی سیاسی یا حکوومەت و دەزگە حوکومییەکان و سیاسەتی ڕاپەڕاندن و شێوەی دەسەڵاتداریەتی و ئیدارەی کۆمەڵگەیە. دووهەم، زانستێک کە لەگەڵ بونیادە ئابووری و کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکانی دەزگە حوکومییەکان، زەمینە کۆمەڵایەتییەکانی دەسەڵاتی سیاسی و هێز بە مانای گشتی، مان و نەمانی حکوومەتەکان، پێوەندی نێوان دەوڵەتان و فەلسەفەی سیاسی، پێوەندی کۆمەڵگەی مەدەنی لەگەڵ ژیانی سیاسی و کەلتووری سیاسی و ئابووری و مێژووی سیاسی و … سەروکاری هەیە.
سیاسەت و گۆڕانکارییە سیاسییەکان لە سەر هەموو ژیانی مرۆڤایەتی کاریگەری دادەنێت. چونکە جاری وا هەیە بڕیارێکی نابەجێی سیاسی دەبێتە هۆی بەرپابوونی شەڕ و پێکدادان یا شۆڕش و کۆدەتا کە ئەمانەش هەموو بەستێنە ئابووری و کۆمەڵایەتی و کەلتووری و ئایینی و فیکرییەکان تووشی وەرچەرخان دەکات. ئەگەرچی هەندێ لە نووسەران چەقی توێژینەوەکانی زانستی سیاسەت بە دەوڵەت یان حکوومەت لە قەڵەم دەدەن بەڵام هەندێکی دیکە لە سەر ئەم بڕوایەن کە سیاسەت، سەنتەر و ناوەندێکی تاقانەی نییە چونکە وەک زۆربەی زانستەکانی دیکە زانستێکی فرەناوەندە. دیاریکردنی بابەتی ناوەندی وەک بابەتی سەرەکی زانستی سیاسەت، دەگەڕێتەوە بۆ حەز و تاسەی زانایانی سیاسی و کێشە گرنگەکانی سەردەم و کاریگەریی زانستەکانی دەوروبەر.
وشیاری چینایەتی
بەئاگا بوون لەو چینە کۆمەڵایەتییەی کە تاکەکەس بە ئاخێزگەی خۆی دەزانێ. هۆشیاری چینایەتی کاتێک خۆی نیشان دەدات کە ئەندامانی چینێک بە شێوەیەکی هاوبەش هەست بە ناهومێدی و بەشخوراوی بکەن و لە بەرانبەر چینی سەردەست و شێوازی دەسەڵاتداریدا خەبات بکەن. هۆشیاری چینایەتی لە ڕێبازی مارکسیدا هەم هۆشیار بوونەوەیە لە بەرانبەر چەوساندنەوەی مرۆ لە لایەن مرۆڤ، هەم بڕیاردانە بۆ مەحفکردنەوەی ئەم چەوساندنەوە. هەروەها بریتییە لەو هۆشیارییەی کە چینێکی ڕەنجدەر بە ئاوەزی دەیفامێت و تێدەگات کە لە بازاڕدا وەک کاڵایەکی سادە مامەڵەی پێدەکرێت و دەبێتە قوربانی خنکانێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری. ئەم هۆشیارییە، چینی ڕەنجدەران دەکاتە چینێکی تایبەت و هۆشیار. ئینجا خەباتی خۆی بۆ سڕینەوە و مەحفکردنەوەی چینەکان دەست پێدەکات.
شارستانەتی / ژیار
مەبەست لەم زاراوە، شێوە ژیانی شارستانییانەیە لە کۆمەڵگەیەکی شاری کە سێ واتای لێدەبێتەوە:
ـــ بەرەوپیری ئەقڵ و مرۆڤایەتی چوون.
ـــ ئەنجامدانی بەڕێوجێی کاروباری ژیان.
ـــ هەنگاونان بەرەو ئاکار و ئەخلاقی شاری.
شارستانەتی لە زاراوەی سیاسیدا «بە کۆمەڵێک دەزگە و ڕێکخراوەی کۆمەڵایەتی، پێوەندی ئابووری و کۆمەڵایەتی، ئایینی، هونەری و ئەدەبی و بەرهەمهێنان لە کۆمەڵگەیەکی پەرەسەندوو» دەگوترێ. بە واتایەکی دیکە، شارستانەتی بە کۆمەڵێک پاشکەوتی مادی و مەعنەوی مرۆ لە کۆمەڵگەیەکی پەرەسەندوو دەگوترێ. شارستانەتی لە زانستی مرۆناسیدا وەک پاژێک لە کەلتوور لە قەڵەم دراوە.