تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



سابوتاژ / گێڕەشێوێنی
ئەم زاراوە لە وشەی فەرەنسی saboter بە واتای دەنگ دەرهێنان لە جۆرە پێڵاوێکی دارینە بە ناوی sabots وەرگیراوە کە لە ساڵی 1842 لە لایەن کرێکارانی فەرەنسییەوە بە کار براوە. هۆیەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە یەکەمین بزاڤی کرێکاری فەرەنسە، کرێکاران بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی، پێڵاوە دارینەکانی خۆیان لە پێ دائەکەند و بە پێکدادانییان و دروستکردنی هەراهەرا و دەنگەدەنگ، بەربەستیان لە بەردەم کرێکارەکانی دیکە ساز ئەکرد. بە واتایەکی دیکە لە ساڵانی دوور، هەندێ لە کرێکارە ئەورووپییەکان بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی و گێڕەشێوێنی، پێڵاوە دارینەکانی خۆیان دەخستە بەینی چەرخی کارگەکان و کارەکەیان ڕادەوەستان. سابوتاژ لە زاراوەی سیاسیدا بریتییە لە ئەنجامی کاری تێکدەرانە لە ڕێکخراوە و دەزگە دەوڵەتی و گشتیەکان بە مەبەستی ئاستەنگی نانەوە و گێڕەشێوێنی.
قوتابخانەی سیاسی
قوتابخانەی سیاسی بەو تیۆرییانە دەگوترێ کە دەربارەی دەوڵەت، حکوومەت و شێوەی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە لێکۆڵینەوە دەکات. قوتابخانە سیاسیەکان بەو مانایەی کە ئیمڕۆکە مەبەستمانە مێژوویەکی دوور و درێژیان نییە بەڵکوو بەرهەمی گۆڕانکارییە فیکرییەکەی سەردەمی ڕێنسانسی ئەورووپایە بە تایبەت سەروبەندی شۆڕشی مەزنی فرەنسی کە بزاوتە سیاسیەکان بە ئایدیۆلۆژیایەکی تایبەتەوە هاتنە مەیدانەوە. لە باری مێژووییەوە، ڕەوتی پەیابوونی قوتابخانە سیاسیەکان وابووە کە سەرەتا ئەندێشەی ئازادیخوازانە (لیبرالیزم) و تاک باوەڕانە (تاک پەروەری) سەری هەڵداوە. دواتر، پاش ڕووخانی ڕژێمە دیکتاتۆرییەکان و هاتنە ئارای مەسەلەی نوێی کۆمەڵایەتی و ئابووری، ڕێبازی کۆمەڵخوازی و سۆشیالیستی بەدیهاتوون.
ئەم قوتابخانانە هەندێ جار وەک لیبرالیزم (بڕوانە ئازادیخوازی) یا فاشیزم ژێرخانێکی فەلسەفییان نییە بەڵام هەندێکی دیکە لەم قوتابخانانە وێڕای خستنەرووی تیۆری دەربارەی حکوومەت، بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات بە ئامرازێک دەزانن بۆ گەیشتن بە ئامانجی سیاسی و کۆمەڵایەتی کە ئەمانە لە ڕاستیدا بە ئایدیۆلۆژیا لە قەڵەم دەدرێن. بۆ وێنە کۆمۆنیزم و سۆشیالیزم کە ڕیشەی هەردووکیان دەگەڕێتەوە بۆ مارکسیزم.
قوتابخانەی فرانکفۆرت: بڕوانە مارکسیزمی نوێ.
گوتار/دیسکۆرس
پێشینەی ئەم زاراوە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی 14 زایینی کە لە ڕیشەی discurrere یۆنانی بە واتای بزووتن بە دەوروبەردا وەرگیراوە. مانای گشتی گوتار بریتییە لە گفتوگۆ و ئاخاوتن وەک لقێکی زانستی. بەڵام لە زاراوەدا بریتییە لە پێوەندی نێوان زمان و واقیعە کۆمەڵایەتیەکان یا پێوەندی پەیڤ و کارلێکە فیکری و کۆمەڵایەتیەکان کە ئەویش کۆی چالاکییەکانی مرۆڤ لە بواری سیاسی و کۆمەڵایەتی و زانستی و هونەری لەخۆ دەگرێت. گوتار، دیاردە یان پرۆسەیەکی کۆمەڵایەتییە کە خاوەنی بنیچە و زەمینەیەکی کۆمەڵەکییە. دەربڕینی بیروبۆچوون و پەیڤ و ڕستە و گوزارە و ماناکانیان، پێوەندی بەوە هەیە کە ئەم دەربڕینە، چۆن و لە لایەن چ کەسێک و لە چ ساتەوەختێکدا و بەدژ یان بە قازانجی چ کەسێک دەبێت.
ئەم زاراوە لە لایەن ئانتۆنی گرامشی (1937ـــ 1891)، بە تەرزێکی لاوەکی و میشل فۆکۆ (1984-1926)، بە شێوازێکی ئاشکرا بەکار براوە. هەڵبەت فۆکۆ یەکەم کەس نییە کە بەستێنی گوتار ڕاکێش دەکاتە هەناوی کۆمەڵگەوە بەڵکوو ئەو هەنگاو دەنێتە جێپێی کەسانێکی وەک مارتین هەیدگێر و ئیمیل بنونیست.
بە بۆچوونی فۆکۆ، گوتار بریتییە لە جیاوازی نێوان ئەو شتەی کە دەکرێ لە سەردەمێکی دیاریکراو (بەپێی ڕێسا و لۆژیک) بە هەقیقەت بگوترێ و ئەو شتەی کە لە واقیعدا دەگوترێ. فۆکۆ گوتارەکان بەپێی ڕێژەی پێوەندییان بە دەسەڵاتەوە پێناسە دەکات. لەم ڕوانگەوە گوتار، دەربڕینی ئایدیالیستی وەهم و گومانەکان نییە بەڵکوو لە بەستێنێکی ماتریالیستیدا بەشێک لە پێکهاتەی دەسەڵات لە ئەژمار دێت. گرینگی گوتار لە دەرخستنی گەمەی دەسەڵاتدایە لە پێگە دیاریکراوەکانیدا. کەواتە بۆ دەرک پێکردن بە مێژووی گوتارەکان دەبێ خودی گوتارەکان موتاڵا بکرێت تاکوو بەم بۆنەوە پەردە لەسەریان هەڵماڵدرێت. فۆکۆ پێیوایە کە گوتار پێکهاتێکە لە چەند هێمایەک بەڵام کاریگەرییەکەی لەم هێمایانە زیاترە. ئەم تایبەتمەندییە ناهێڵێت گوتار دابەزێنێتە ئاستێکی ساکاری زمان و پەیڤ و ئاخاوتن. گوتار ڕۆشنکەرەوەی تایبەتمەندیی مێژوویی ئەو شتانەیە کە گوتراوە و ئەو شتانەش کە هێشتا نەگوتراوە. گوتار کۆمەڵێک گوزارەیە کە لە قۆناغێکی مێژوویی تایبەتدا بەرجەستە دەبێت و لە سەر زۆربەی بەستێنە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و فیکرییەکان لەنگەر دەگرێت. بە باوەڕی فۆکۆ گوتار، کۆمەڵێک کردەوەیە کە بە شێوەیەکی سیستماتیک بابەتگەلێک دەوروژێنێ کە خۆبەخۆ باس و لێوەکۆڵین بەرهەم دێنێت. بە تێپەڕبوونی زەمەن، گوتارەکانیش تووشی گۆڕان دەبن. وەک چۆن شێوازی بیرکردنەوە و باسکردن لە بابەت چەمک گەلێکی وەک ئازادی و ئاسایش و مۆدێرنیتە تووشی گۆڕان هاتوون.