تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



دەستووری بنچینەیی+یاسای بنەڕەتی
دەستووری بنچینەیی بریتییە لە بەڵگەنامەیەکی بناخەیی و بنچینەیی کە لە وەڵاتێکدا سروشتی دەسەڵات و ئەرک و مافەکانی شارۆمەندان دەست نیشان دەکات. دەستوور، شێوازی حکوومەتکردن یا ڕاگواستنی دەسەڵاتە. واتە کۆمەڵە ڕێسایەک کە توانێیی و ڕەفتاری هێزەکانی سەر بە دەوڵەت و مافە سەرەکییەکانی تاک و بەشداری شارۆمەندان لە بەڕێوەبردنی دەسەڵات لەڕێگەی دەنگدان بە نوێنەرانی خۆیان، دەست نیشان دەکات. لە پێناسەیەکی دیکەدا دەستووری بنچینەیی بریتییەلە کۆمەڵێ یاسا کە پێوەندی و چۆنیەتی هەڵسوکەوتی نێوان دەسەڵاتداران و شارۆمەندانی وەڵاتێک دیاری دەکات. دەستووری بنچینەیی لەو وەڵاتانەی کە بنەمایەکی دیموکراسییان هەبێ، لە لایەن کۆمەڵێ نوخبەی سیاسی کە بەپێی هەڵبژاردن لە «ئەنجومەنی دەستوور» یەک دەگرنەوە دەنووسرێ و دواتر بۆ پەسندکردنی جەماوەر دە��رێتە ڕیفراندۆمی دەستووری بنچینەیی (بڕوانە ڕاپرسی). دەستووری بنچینەیی، تاکە سەرچاوەی یاسادانان لە ئەژمار دێت لە هەموو بوارێکی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی و کەلتووری کۆمەڵگەدا.
ئەرەستۆ، دەستووری بنچینەیی بە کۆمەڵێک ئەرک و کرداری وەڵاتێک دەزانێت کە چۆنییەتی دابەشکردنەکەی لە لایەن ئەو دەستوورەوە دیاری دەکرێت و دەسەڵاتی حاکمییەت و ناوەڕۆکی ئەو ئامانجانەی کە دەبێ خەڵکی وەڵاتێک پێی بگەن، دەستنیشان دەکرێت. دەستووری بنچینەیی لە بەستێنی سیاسیدا لەو کاتەوە زەق بۆوە کە سەرچاوەی دەسەڵات لە شازادەیەکەوە گەڕایەوە بۆ خەڵک و بەم دەرکەوتە، ئیدی پاشا و میران، وەکوو «خاوەن دەسەڵات» لەئەژمار نەهاتن بەڵکوو وەکوو دەسەڵاتدارانێک لە قەڵەم دران کە هێز و دەسەڵاتەکەیان لە دەستوورەوە سەرچاوە دەگرێت.
دەستووری بنچینەیی ئەورووپا: بڕوانە پەیمانی ماستریخت.
پانچاشیلا
بە زمانی سەنسکریت، بە مانای پێنج بنەڕەتە. پانچاشیلا، لە شەریعەتی بوودا بەگشتی ناوی پێنج یاسای کرداریی بووداییەکانە کە بریتییە لە: خۆپاڕاستن لە کوشت و کوشتار، دزی، بەئاڵۆشی، درۆ و مەیخۆری. ئەم زاراوە لە لایەن دەوڵەتی هێندەوە بە واتای پێنج بنەڕەتی سیاسەتی دەرەوە بەم شێوازە بە کار براوە:
1) بایەخ دانان بۆ سەروەری و حاکمیەتی نەتەوەیی و سنووری وەڵاتەکان.
2) دەستدرێژ نەکردن.
3) دەست نەبردن بۆ ناو کاروباری ناوخۆیی وەڵاتەکانی دیکە.
4) ڕێز گرتنی دوولایەنە و یەکسان لە پێوەندییە نێونەتەوەییەکان.
5) پێکەوە ژیانی ڕژێمی جۆراوجۆر. کۆنگرەی نەتەوەکانی ئاسیا و ئەفریقا لە باندۆنگ، ئەم بنەڕەتانەی بە «پێنج بنەڕەتی پێکەوە ژیانی ئاشتی خوازانە» پەسند کرد. لە ساڵی 1965 وەڵاتی ئەندونیسیا بنەڕەتەکانی پانچاشیلای بۆ سیاسەتی دەرەوەی خۆی بە کار هێناوە.