تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



شاواتەکی
denotative, لە سەمانتیکدا پێناسەی دەرهەستە، کە دەکاتەوە «خەستواتا» intension, واتای خەستۆڵی ئەو چەمکە. بۆ نموونە شاواتای وشەی «بەرخ» ئەو ئاژەڵەیە کە بەچکەی مەڕە. ناوێکی دەرهەستی گشتییە بۆ ئەو جۆرەی ئاژەڵ. بۆ پێچەوانەی شاواتا بڕوانە «پاواتا» کە تێیدا پاواتای «بەرخ» دەبێتە بەستەزمان، نەرمونیان، جۆری خۆراک... هتد.
پاواتەکی
connotative, گشت ئەوانەی وشەکە دەیانگرێتەوە، هەموو ئەوانەی دەکەونە بەر واتاکێشەکێی وشەیەک، دەکەونە پانتایی ئەو چەمکەوە، کە دەکاتەوە «پەرتواتا» extension, واتای بەرین و پەلهاوێژی ئەو چەمکە. بۆ نموونە پاواتای «بەرخ» دەشێت بەستەزمان، نەرمونیان یان خۆشەویست (بەرخەکەی دایە) بێت بەڵام شاواتای «بەرخ» بەچکەی مەڕە. بۆ پێچەوانەی پاواتا بڕوانە «شاواتا».
پیشووی تێدا دەخواتەوە
بە کەسێک دەگوترێت کە لە یەک کاتدا فوو بە شمشاڵدا دەکات و لە لووتیشەوە هەناسە هەڵدەمژێت! واتە کاکی ژەنیار هەناسەی سووڕ دەخواتەوە لە کاتی ژەنیندا! ئەم کارە بەردەوامی هەیە بۆیە بڕین لە ژەنینەکەدا نابیستیت. هەر ژەنیارێک بگاتە ئەم پیشووخواردنەوەیە، ئەوە پلەی ئوستادییە!


«پشوو»، «پیشوو»، «پیش» و «بین» زۆریان بەبەرەوە هەیە و بەپێی زاراوە و ناوچە دەربڕینەکانیان دەگۆڕێت، بۆ نموونە،


- « پیشی لێ دەخواتەوە!» بە مرۆڤێکی داخلەدڵ لە شتێک دەگوترێت کە بۆنی بێدەسەڵاتیی یان ئارامگرییەکی لێ بێت، بۆی هەیە پیشخواردنەوەکەیش کاردانەوەی لێ بزێتەوە.

- «هەروا پیشووانی لێ دەخواتەوە!»، بە مرۆڤێکی تووڕە لە کارێک دەگوترێت کە جارێ هیچ کاردانەوەیەکی نەبووە، بەڵام ئامادەکاری دەکات و بۆی هەیە کاردانەوەی هەبێت.

- «پشوودرێژ بە!» دەربڕینێکە بە مرۆڤێکی توڕە و لە بارێکی تایبەتدا دەگوترێت.

- «پشووە بایەکی نایەت!»، مەبەست لە شنەبایەکە کە ئاسوودەبەخش بێت بۆ مرۆڤ.

- «کابرا پشوی لێ دەخواتەوە!»، بە کەسێکی زۆربڵێ دەگوترێت کە بواری قسە بە بەرانبەرەکەی نەدات.

- «پشووی هەر دەمێنێ!» کاتێک یەکێک تەنگەنەفەس دەبێت. ئەم دەربڕینە لە دەشتی هەولێرە بەکاردەبرێت.

- «بیندرێژە!»، واتە پشوودرێژە.

- «بین دەخواتەوە»، دەربڕینێکە بۆ کەسی ژەنیار کە دەتوانێ بێ وچان و بێ پسانەوە زوڕنا یان دووزەلە و باڵبەبان بژەنێت و بە دەمییەوە هەناسە بدات.