تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



١- باڕ
[[؟]]
(س.) ناکامڵ، پێنەگەیشتوو، جحێڵ. تێبــ.- آ) ئەم وشەیە تەنیا بۆ پەلەوەر و باڵندە بەدکارێ کە دەوری (زەڕنەقووتەیی) تەواوکردبێ بەڵام هێشتا نەبووبیتە باڵندەیەکی کامڵ و سەر. باڕەکەو، بارە هەوێردە، باڕۆکە. ((قەل سەت ساڵ باڕە)). ب) وادەزانم ئەم وشەیە دەگەڵ (پورنای) زمانی پەهلەوی خزمایەتێکی هەبێ کە بە مانای جحێڵ و ناباڵقە.
٢- باڕ
[[ئینگلیسی]]
(نا.) ئەو شوێنە کە بۆ فرۆشتنی خواردنەوەی ئالکۆڵدار (مەشڕووبات) تەرخان دەکرێ و خەڵکی لە بەردەم پێشخوانێک بە پێوە ڕادەوەستن و دەخۆنەوە و هێندێ جاریش لەسەر کورسی بڵیندی تایبەت دادەنیشین.
باڕاندن
[[ند.]]
(مست. لا.) دەنگی خۆدەرخستنی ئاژاڵ. بخنەکە دەبارێنێ. *باعاندن (سن.) باقانن.
باڕن
[[با + ڕن (ڕنین)]]
(نت.) کڕێوەی بەفر بێ ئەوەی لە هەوران ببارێ، بەڵکوو بایەکی بە قەوەت لە شوێنێکەوە بەفر هەڵدەگرێ (دەیڕنێ) و بۆ بەرزایی دەبا کاتێ دەگاتە جێگایەکی وا کە بایەکە تەوژمی کەمە دەبارێتەوە سەر زەوی و چەشنی کڕێوە دێتە بەرچاوان. بەرخی بابم ئەمە کڕێوە نییە باڕن دەکا.
باڕوتی ڕەشۆکی
[[باڕووت + ئی + ڕەش + ئۆک + ئی]]
(نت.)، (مک.) تم: باڕووت.
باڕووت
[[؟]]
(نا.) ١- ماددەیەکی وشکی ڕەشە کە ئاگری وێکەوت کڵپە دەکا، بۆ هاویشتنی گوللەی تۆپ، تفەنگ، تاپڕو... و... بەکاردێت. تێبــ.- آ) ئەم ماددەیە گەرد و تۆزێکی ڕەشە، جاران نێچیرەوانانی کورد لە (شۆرە) و (گۆگرد) و (ڕەژی) دروستیان دەکرد، چاکترین خەڵوووز بۆ ئەم کارە (ڕەژی دارەبی)یە. ب) بۆ تاقی کردنەوەی چاکی و خراپی باڕووت، تۆزێکی لەسەر لەپی دەست یا پەڕە سیغار ڕۆ دەکەن و ئاگری جگەرەی لێ نیزیک دەکەنەوە، کڵپە دەکا و دەچێ بە عاسمانا، ئەگەر پەڕە سیغارەکە یا بەری دەستی نەسووتاند ئەوە باڕووتی چاکە. *(مک.) دەرمان، باڕووتی ڕەشۆکی. ٢- ٠مج.) پیاوی توندە میجاز کە زوو تووڕە دەبێ و هەڵدەچێ.
باڕووت پێژ
[[باڕووت + پێژ (پێژتن)]]
(سفا.)، (بک.) ئەو کەسەی باڕووت دروست دەکا. تێبــ.- لە لەهجەی ناوەندی و بن لەهجەکانیدا هاوتای ئەم وشەیەم نیبیستووە.
باڕووتخانە
(نت.)، (کعر.) جێگایەکی تایبەتییە چەک و تەقەمەنی و کەرەستەی شەڕی تێدا دادەنێن، عەمباری تەقەمەنی. *(کئێر.) جبەخانە، قۆرخانە.
باڕووتی
[[باڕووت + ئی]]
(ست.)، (مک.) تۆچای ورد، چایەکی وەکوو باڕووت وردبێ.
باڕووتی بێ دووکەڵ
(نت.) جۆرێک باڕووتە کە لە فابریقە دروست دەکرێ و رەنگی سپی واشە. تێبــ.- ئەو ماددانەی کە ئەو جۆرە باڕووتەیان لێ درودت دەکرێ هەر ئەوانەن کە بۆ دروست کردنی باڕووتی ڕەشۆکی دەست دەدەن، لە باتی شۆرە جەوهەری شۆرە (ئەسید نیتریک) و لە باتی گۆگرد جەوهەری گۆگرد (ئەسید سوولفۆڕیک) و لەباتی خەڵووزیش ماددەیەکی (سیلۆلۆز)ی لەباتی (لۆکە) دەکاردەکرێ. * باڕووتی سپی.
باڕووتی سپی
(نت.)، (مک.) تم؛ باڕووتی بێ دووکەڵ.
باڕۆکە
[[باڕ + ئۆکە]]
(نت.) مریشکێکی هێشتا فەورە نەبووبێ، فڕووجێکی کەوتبیتە هێلکە کردن. ((... بووکە بە بارانی دەوێ، هێلکەی باڕۆکانی دەوێ)) (فۆلکلۆر).
باڕۆگ
[[با + ڕۆگ ؟]]
(نت.)، (مک.) شوێنێکە (با) زۆر بیگرێتەوە. تێبــ.- ڕێی دەچێتێ کەرتی (ڕۆگ)ی ئەم وشەیە یا (ڕۆگە) بێ یا لە (ڕۆشاندن) وەرگیرابێ.
باڕە
[[ند.]]
دەنگی مەڕ و بزن *باعە. بالە.
باڕەباڕ
[[ند.]]
١- دەنگی یەک لە دوای یەکی ئاژاڵ. *باعەباع، باڵەباڵ. ٢- (مج.) قیژەقیژ و هەرای زۆری ئادەمیزاد. بە باڕەباڕ کابرایان لە ماڵی دەرهێنا و کوشتیان. هەر باڕەباڕی بوو کەس گوێی نەدەدایە.
باڕەش
[[با + ڕەش]]
(نت.)،(کعر.) تم: ڕەشەبا.
١- باڕێزە
[[؟]]
(نت.)، (هلخۆشناوەتی) گیایەکی لاسکی درێژ و ڕەش باوە، گەڵای ورد و سێ گۆشەیە، وە کەرەوز دەچێ، لە شاخان لەو شوێنانەی کەمێ ئاویان هەیە، شین دەبێ. تێبــ.- لە کوردستان ئەم گیایە بۆ نەخۆشی (میزگیران) کەڵکی لێ وەردەگیرێ و دەڵێن یەکاویەکە. ((باڕێزە شین بوون بە شاخانەوە+ با گولە بمرێ بە داخانەوە)) (فۆلکلۆر). *خاڵەڕەش، خاڵەڕەشە.
٢- باڕێزە
[[با + ڕێز (ڕێژ) + ئە]]
(نت.)، (مک.) بارانێکی بە (با) ببارێ. وەکووو باڕێزە فرمێسکی بە چاواندا دەهاتە خوار.
باڕەباڕ
[[ند.]]
١- دەنگی یەک لە دوای یەکی ئاژاڵ. *باعەباع، باڵەباڵ. ٢- (مج.) قیژەقیژ و هەرای زۆری ئادەمیزاد. بە باڕەباڕ کابرایان لە ماڵی دەرهێنا و کوشتیان. هەر باڕەباڕی بوو کەس گوێی نەدەدایە.