تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



بابا
(نا.)، (کک) ١- تم: باپیر. ٢- کەس، شەخس. بابایەکی وەکوو شێرۆ چی بەسەر ئەو جوورە کارانە داوە. ئێمە بابایەکی فەقیرین دانوومان دەگەڵ ئەوان ناکوڵێ. ٣- تم: بابە.
بابابردۆڵە
[[بابابردوو+ ئەڵە]]
(سمف.) تم: بابردەڵە. تێبــ.- لەم وشەیەدا (و)ی وشەی (بابردوو) دەگەڵ (ئە)ی (ئەڵە) تەرکیب بووە و (ئۆ)ی لێ پەیدا بووە. تەنیا خوالێخۆش بوو مامۆستا گیو ئەم وشەیەی لە (مەهاباد)ا نووسیوە.
بابان
[[باب + ئان]]
(نت.) ماڵە باوکی ئافرەتێک. تێبــ.- آ) ئەم وشەیە ئەگەرچی لە باری زمانەوانییەوە جەمعی (باب)ە، بەڵام بەم مانایە دەکار ناکرێ و ناگوترێ: (بابانی ئەفراسیاو هەمووی پیاوی چاک بوون) و بۆ ئەم مەبەستە (باب و باپیر)، بەکاردیت. ب) ئەم وشەیە بەم مانا مەجازیەشی کە بە تەواوی وەکوو حەقێکی لێهاتووە، تەنیا بۆ ئافرەت دەگوترێ. * باوان.
بابان وێران
(سمف.) کەسێکی ماڵە بابی وێران بووبێ. تێبــ.- ئەم وشەیە لە ناو ئافرەتاندا دەکار دەکرێ و شەرتیش نییە کە ئەو ژنەی بەم سفەتە ڕووی قسەی تێدەکرێ بە ڕاستی تووشی بەڵایەکی وا بووبێ.
بابانت خرا (پ) بێ
(کن.) تووک و نزایە و تەنیا لە ناو ژناندا باوە، گەلێ جار هەر وەکوو قسەیەکی ئاسایی دەگوترێ و لە دڵان گران نایە، بەڵام لە کاتی دەمەقاڵی و شەڕە دەندووکێدا بە (جنیو) حیساب دەکرێ و شەڕەکە بەتین تر دەکات. * بابانت شیوێ، بابانت کوێر بێتەوە.
بابانت شێوێ
(کن.) تم: بابانت خرابێ.
بابانت کوێر بێتەوە
(کن.) تم: بابانت خرابێ.