تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



١- باز
[[پە: باچ، باج]]
(نا.) باڵندەیەکی گۆشتخۆری وریای خێرایە، نیزیکەی سی چل سانتیمەتر درێژ دەبێ، باڵی کورت و باریکە، دندووکی خوارە و بەرسینگی پەڵەپەڵەی ڕەشی تێدایە. ((سیا بازێک بووم، سیا بازێک بووم لە ئەوجی گەردوون، تیژ پەروازێک بووم)). (پیرەمێرد- ٢٣١). تێبــ.- آ) ئەم باڵندەیە دەتوانێ مەلانی تر بە عاسمانەوە ڕاوکا، بۆیە پاتشا و گەورە پیاوانی قەدیمی وەکوو یەکێک لە کەرەستەی نێچیرەوانی بەخێویان دەکرد و لە بارەگا و دیوەخانەکانیان کاربەدەستی تایبەتی بۆ نیگاداری و خزمەتی تەرخان دەکرا. ب) باز چەند جووریکی هەیە؛ تەوار، تەڕلان،جوڕڕە، توولک، فەرخ. (تم: سجادی، کوردەواری- ١٥٦) ج) ((باز (باڵندەی ڕاوی) و باشە (واشە) کە ئەویش باڵندەیەکی دیکەی ڕاوییە، هەردووکیان یەک مەعنایان هەیە و دەبێ لە (ڤەزە) بە مانای (بڕندە)وەرگیرابێ کە ئەویش لە مەسدەری ئاوێستایی (ڤەز) یانی (بڕین) وەگیراوە.)) (تم: معین، بورهان، ج١، ل-٢١٧، پەراویزی ژمارە ٧) دوکتۆر معینیش ئەمەی لە (پوورداوود) فەرهەنگی ئێرانی باستان، ج١، ل ٣١٤ خواستۆتەوە). *قوش.
٢- ئەنداز
(ری. فع.) کاری پاشبەند دەکا و بە دوای ناوێکەوە دەلکێ و ناوێکی تازە دروست دەکا. بارەنداز (بار ئەندازپایەنداز (پائەنداز)، تیرەنداز (تیرئەنداز)، چاوەنداز (چاوئەنداز)، خاکەنداز (خاک ئەنداز). تێبــ.- ئەم وشەیە ڕیشەی مەسدەرێکە کە لە فارسیدا بۆتە (ئەنداختەن) و لە سەرف کردنا بۆ زەمانی ئاییندە و... دەبێتە (ئەنداز) بەرامبەری ئەم مەسدەرە لە کوردیدا (ئاویشتن) هەیە.
٢- باز
[[پە: ڤاز]]
(نا.) ١- بەگوڕ بەرزبوونەوە لە شوێنێک و خۆ فڕێدانە شوێنێکی دیکەی دوورتر. ئەنجامی بازدان. ٢- تم: سێ باز. *(مک.) بازد. (زا.) ڤاز. (جنو.) واز. تێبــ.- بە لای منەوە ئەسڵی وشەکە (بازد)ە و دەنگی (د) یەکەم لەبەر قورسی لەم شوینەدا و دووەم چونکوو دەگەڵ مەسدەری (دان) سەرف دەکرێت، لەسەر زمانان سواوە.
٣- باز
[[؟]]
١- (نا.) ڕێگای تایبەتی کە دەستەیەک بۆ ئیشێکی دیار پێیدادەڕۆن. بازی بێریان، بازی پاڵان (پاڵە). ٢- (پب.) بە دوای هەندێ ناوانەوە دەلکێ و مەدلوولی تێپەڕین و عبوور لە ماناکانیان زیاد دەکا. ڕێباز، دەرباز، بەردباز، پردەباز.
٤- (-باز)
(پب.) ١- بە دوای هەندێ ناوانەوە دەلکێ و دەیانکاتە (سفا.) یا (نفا.) و نیشان دەدا ئەو کەسەی ئەم سفەتەی وەپاڵ دەدرێ یا ئەم ناوەی لێ دەندرێ، لەو ئیشەدا کە مەدلوولی ناوەکەیە ماهیر و لیزانە یا خووی پیوە گرتووە. حیلەباز، جادوووباز، فێڵباز، قومارباز، کۆترباز، مێباز. ٢- بە دوای هێندێ ناوانەوە دەنووسێ و مانای دۆڕاندن، بەخت کردن و فیداکردنیان لێ زیاد دەکا. سەرباز، (ئەو کەسەی سەری خۆی بەخت دەکا.) گیانباز (ئەو کەسەی گیانی خۆی لە پیناو شتێکا فیدادەکا).