تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



ئەسکنجە
[[؟]]
«نا.» «مکـ.» شوێنی پێکەوە نووسانی ئێسقانی ڕانی ئادەمیزاد دەگەڵ بەشی سەرەوەی لەشی «سیمـ.» ئەشکنج.
ئەسکوند
[[؟]]
«نا.» باری وەستانی جگ بە قیتی لە یاری جگانێدا.
ئەسکوێ
«نا.» کەوچکێکی گەورەیە لە دار دروست دەکرێ دەسکی درێژە، تەنیا بۆ چێشت لێنان دەبێ. " «لە هەموو دیزەیەکا ئەسکوێیە» «کنـ.» خۆی لە هەموو ئیشێک هەڵدەقوتێنێ. ٭ «بکـ.» هەسکوو، هەسکە، هەسک «تم: ژابا- ۴۴۴وکفـ- ۳۱۴» هس.: ئوسکرە «فر.» گڵێنەی ئاو خواردنەوە.
ئەسکڵ
«نا.» خەڵووزی گەشاوەوە. ئاگرێکی لە داری سووتەنی کەوتبێتەوە و هیچ ڕەشایی نەمابێ ٭پۆلوو، ۱- پەرەنگ، پشکۆ، پەنگر، سکڵ کە «ئە» یەکی سوواوە جێگەی گرتۆتەوە.
ئەسکینناس
«نا.»، «مکـ.» پارەی کاغەز. ٭«سنـ.» ئەسکەناس. «کعر.» بانقەنۆت. «نازت بوو، نازت بێ+سەت تمەن ئەسکینناس پایەندازت بێ» «فۆلکلۆر» .: گیرفانی پڕ بوو لە ئەسکینناس، جاران ئەسکینناسی سەد دیناریش هەبوو. تێبــ.ینی: وەکوو دەزانن پارە لە پێشدا مەعدەن «مس، زێڕ، زێو،...» بوو، لە شۆڕشی فەڕەسادا پارەی کاغەز «حەواڵە بۆ سەر خەزێنە ی میللی» داهێنرا کە پێیان دەکوت «ئاسسیگنات» ئەم وشەیە لە ڕێگای زمانی عرووسیڕا «تمـ: معین: فەرهەنگ. جـ۱- ۲۷۱» هاتۆتە ناو زمانی فارسی لەوێش ڕا بۆ کوردی. لەوانەشە بە هۆی بازرگانیی ڕاستەوخۆی نێوان بەشێک لە کوردستانی ئێران و عرووسیات، هەر ڕاستەوخۆ لە ڕووسیڕا هاتبێتە ناو زمانی کوردی.
ئەسکەلە
[[لە ئیتالی: سکالۆ]]
۱- ئەو شوێنەیە لە کەناری دەریا، کە کەشتی لەنگەری لێ بەردەداتەوە و ڕادەوەستێ. ٭«کئێر.» بەندەر، «کعر.» مێنا. ۲- هەموو ئەو «خانوو، عەمبار و بارەنداز» انەی بۆ ڕاپەڕاندن و هاسان کردنی کاروباری لەنگەر خستنی پاپۆڕ «دابەزین و سوار بوونی خەڵک، بارکردن و بارداگرتن» لە قەراغ بەحر دروست کرابێ.
ئەسکەملی
[[؟]]
«نا.»، «کعر.» کورسییە بۆ لەسەر دانیشتن لاجامەیێکی هەیە پشتی وێ دەدرێ. ٭«کعر.» ۲- ئەسکەمل، «کئێر.» سەندەڵی.
ئەسکەملە
[[؟]]
«نا.»، «مکـ.» قومارێکە بە پارەی مەعدەن دەکرێ. ٭۱- ئەسکەمل، «سنـ.» بەرزیلان، شێروخەت.
ئەسکەناس
«نا.»، «سنـ.» تمـ: ئەسکینناس.
ئەسکەنجەبین
[[ئەسک+ئەنگەبین]]
«نتـ.»، «کئێر.» شەربەتێکی مزرە لە سرکە و هەنگوین سازدەکرێ. تێبــ.ینی: آ» ئەم وشەیە لە پێشدا «سکەنگەبین» بووە و کراوە بە عەڕەبی، چونکوو لە زمانی عەڕەبیدا «ابتدا ساکن» نابێ کردوویانەتە «اسکنجبین» و سەرلە نوێ گەڕاوەتەوە ناو زمانی کوردی و فارسی، لە فارسیدا «ا» یەکەیان دیسان لێ فڕێ داوە بەڵام لە کوردیدا هەر وەک فارسی دەنگی «گ» بۆتە «ج» و «ا» کەش هەر ماوەتەوە. ب» ژابا «۲۴۰و۲۴۴» و معین «فەرهەنگ: جـ۲- ۱۹۰۰» وشەی «سک» یان بە «سرکە» مەعنا لێداوەتەوە. ج» حەوت بەش هەنگوین «ئێستا قەند و شەکریش» دەگەڵ چوار بەش سرکە تێکەڵاو دەکەن و دەیکوڵێنن، ناوبەناو تۆزێکی دەخەنە نێوان دوو پەنجەرە و نەختێک دەیسوونەوە ئەگەر هەودا هەودا بوو «کێشی هات» ئەوا دایدەگرن و پاش سارد بوونەوە دەیکەنە شووشە یا هەر دەفرێکی ترەوە و هەڵی دەگرن، وەختی خواردنەوە بە دڵخواز ئاوی تێ دەکەن، لەگەڵ «کاهوو» ش دەخورێ. ٭ئەسکەنجەمین.
ئەسکەنجەمین
«نتـ.»، «مکـ.» تمـ: ئەسکەنجەبین.
ئەسکەنە
[[ئەس «؟» +کەن «هەڵکەندن» +ئە]]
«نتـ.» ئامرازێکی دارتاشانە، بۆ کوڵین و هەڵکەندنی دار و تەختە بەکاردێت. تێبــ.ینی: شیشێکی پۆڵای چوار پاڵووە، ۱۰- ۱۲سانتیمەتر درێژە، هەر پاڵوێکی سانتیمیترەک یا زیاتر پانە، سەرێکی دەسکی داری ڕێدەخرێ و سەرەکەی تری وەکوو قەڵەمی قامیش دادراوە و چەشنی چەقۆ تیژ دەکرێ، ئەو جێگەیەی بیانەوێ بیکۆڵن لەسەری دادەنێن و بە کوتکێکی دار لە دەسکەکەی دەدەن، پارچە پارچە تەڵاش و تەڵەزم لە تەختەکە هەڵ دەکا، هەر بەم جوورە چۆنی پێویست بێ شوێنەکە گەورە و پان و قووڵ دەکرێ.
١-ئەسکەمل
[[؟]]
«نا.»، «کعر.» یەکێکە لەو یارییانەی بە پەڕی قومار دەکرێ. ۲- تمـ: ئەسکەملە.
٢-ئەسکەمل
[[؟]]
«نا.»، «کعر.» تمـ: ئەسکەملی.