تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



پلۆرالیزم - فرەدەنگی
ئەم زاراوە، ئەو تیۆریانە لەخۆ دەگرێ کە باوەڕیان هەیە بە فرەدەنگی لە کۆمەڵگەدا. فرەدەنگی لە سیاسەتدا بە مانای زیادبوونی چەندایەتی و چۆنایەتی حیزب، ئەنجومەن، ڕێکخراوە و گرووپی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و کەلتوورییە لە یەک سیستەمدا. پلۆرالیستەکان پێیان وایە کە دەبێ مافی هەندێ دەزگە وەکوو خێزان و ئایین و ئەنجومەن و حکوومەتە خۆجێییەکان بە ڕێژەی دەوڵەت، زیاتر ڕەچاو بکرێ و دووپاتی دەکەنەوە کە دەوڵەت نابێ دەسەڵات مۆنۆپۆل بکات بەڵکوو ئەبێ چاودێرییەکی گشتی هەبێ و دەزگە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە سەربەخۆیی خۆیان بپارێزن.
فرەدەنگی کارێکی وا دەکات خەڵک بەرەو حیزبایەتی و دامەزرانی ڕێکخراوەی سیاسی و ئابووری و کومەڵایەتی و کەلتووری بچن تاکوو لە ڕێگەی ئەم جۆرە هاوبەشیەوە بەرژەوەندی گشتی کۆمەڵگە دابین بکرێ و ئیدارەی کۆمەڵگەش باشتر بەڕێوە بچێت. لە زاراوەی سیاسیدا بە زۆری بە واتای هەلومەرجێک پێناسە دەکرێت کە تێیدا هیچ گرووپێکی سیاسی و ئایینی و ئەتنیکی و کەلتووری تایبەت، حکوومەت نەکات. ئەم پانتایە ئەبێتە هۆی کێبەڕکێ و ململانێی نوخبەکان یا گرووپی بەشدار لە کۆمەڵگەدا. لە وەها دۆخێکدایە کە کۆمەڵگەی فرەدەنگ یان پلۆرال لە دایک دەبێت.
مۆنتسکیو (1755-1689) پێی وایە پلۆرالیزم کاتێک سەمەربەخشە کە لەنێوان ئەندامانی حیزب و ئەنجومەن و یەکیەتی و تەنانەت کەمینە ئایینییەکان، کە بە لێبووردن و عەداڵەت ڕەفتار بکرێ و بۆ بیر و بۆچوون و دەنگی جیاواز ڕێز دابندرێ. ئەو لەگەڵ چەقبەستن و کۆجێبوونی دەسەڵات نەیار بووە و داوای لە دامودەزگە ناحکوومییەکان دەکرد کە لە ئیدارەی حکوومەتدا بەشێوەیەکی ئارەزوومەندانە بەشداری بکەن.
پلۆرالیستەکان بە پێچەوانەی ئانارشییەکان، خوازیاری سڕینەوەی دەوڵەت لە کۆمەڵگەدا نین بەڵکوو پێیان وایە کە کارکردەکانی دەوڵەت، بە قازانجی کۆمەڵگەیە بۆ وێنە، ڕێکخستنی ئابووری و پاڕاستنی ئازادییە مەدەنییەکان و پاڕاستنی ئاسایشی نەتەوەیی و ئیدارەی سیاسەتی دەرەکی.