تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



لاییسیتە
بە مانای گەوهەرێکە کە پێکهاتە و ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییەکان لە ئاست ئایینەکان دەری دەبڕن. ئەم مەسەلە لە دوو لایەنەوە شیاوی سەرنج پێدانە:
یەکەم، خەمساردی دەوڵەت بە نیسبەت ئایین کە ئەمیش چەند مانایەک لە خۆ دەگرێت:
1ــ بە واتای جیاوازی کۆمەڵگەی نەتەوەیی لە کۆمەڵگەی ئایینی. بە واتایەکی دیکە، جیاوازی دەزگەی ئایینی لە دەزگەی حکوومی. لەم حاڵەتەدا دەوڵەت خاوەنی دەسەڵاتی ئایینی نییە و دەستێوەردانی کڵێسە بە هەرشێوازێک بێت ڕەت دەکاتەوە و کڵێسەش هیچ دەسەڵاتێکی سیاسی نییە.
2ــ بە واتای بێلایەنی لە کاروباری ئایینیدا. دەوڵەت بۆ هەموو ئایینێک بە چاوێکی یەکسان دەڕوانێ و بۆ ئەنجامی مەراسیمی ئایینی هەموو هاووەڵاتیان بە شێوەیەکی بەرابەر ئازداییان بۆ دابین دەکات.
3ــ بە واتای بێدینی و بێباوەڕی بە خوا و ئایین بە شێوەیەکی ڕەسمی. لەم حاڵەتەدا دەوڵەت بە کارمەندان و کاربەدەستان و فێرکارانی پەروەردە ڕادەگەیەنێت کە مافی ئەوەیان نییە بانگاشە بۆ هیچ ئایینێک بکەن و هیچ مەراسیمێکی ئایینی بەئەنجام بگەیەنن.
دووهەم، خەمساردی قوتابخانەکان بە نیسبەت ئایین: لەم حاڵەتەدا ڕەنگە دەزگەی پەروەردە هەموو ئایینێک پەسند بکات و ئیماندارانی هیچکام لە ئایینەکان نەڕەنجێنێ بەڵام هەر چەشنە پرۆپاگەندەیەک بە قازانجی ئایینێکی تایبەت قەدەغە بێت.
بە گشتی لاییک بە شێوازی حکوومەتی ئەو وەڵاتانە دەڵێن کە ئایین و سیاسەتیان لێک جیا کردۆتەوە و ئایینی ڕەسمییان نییە. سیستەمی حوکم لە گەلێک لە وەڵاتانی ڕۆژئاوایی نائایینیە و لە نێوان وەڵاتانی موسڵمانیش تورکیا کە خۆی بە وەڵاتێکی ئەورووپی دەزانێ، پەیڕەوکاری ئەم سیستەمەیە.
لاییسیزم
لەم چاخەدا بریتییە لەو ڕێبازەی کە خوازیاری دەرهاویشتنی بن بونیاد و ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییەکانە لە ژێر دەسەڵاتی ئاییندا. ئەم ڕێبازە بزاوتێک بوو بۆ خەبات لە بەرانبەر زۆرداری و تەنگ پێهەڵچنینی ئایین و ڕاوەستان بەدژی پشکنینی بڕوا لە سەدەکانی ناوەڕاستی ئەورووپا لە سەردەمی ڕینسانسدا. واتای لاییک لەو سەردەمەدا پەیوەست بوو بە پێکهاتەی کڵێسە و کۆمەڵگەی مەدەنییەوە. کۆمەڵگەی مەسیحی بە دوو چینی کلێرک clerk و لاییک دابەش کرابوو: لاییکەکان بریتی بوون لە مەسیحی ئاسایی و کلێرکەکانیش پێکهاتبوون لە کڵێسەییەکان یاخود کارمەندانی کڵێسە. ئەم کارمەندانە لە لایەن کڵێسەوە کاروباری ئیداری و پەروەردەیی و کولتوورییان پێ دەسپێردراو مووچەی خۆیان وەردەگرت.
لاییک/لادین
ئەم زاراوە لە ڕیشەی لاتینی laicus (بە واتای پابەندیی بە خواوەند) وەرگیراوە. هەروا بە مانای کەسێکی نائایینی و ناڕۆحانییە کە هیچ کاروبارێکی لە لایەن دەزگەی ئایینییەوە پێ نەسپێردرابێت و ڕەمەکی و دوور لە ئایین بێت.
شەڕی گەریلایی
ئەم وشە لە زمانی سپانیاییەوە هاتووە و بە مانای شەڕێکی بەربڵاوە کە لە لایەن خودی هێز و لقەکان فەرماندەیی دەکرێت. لە زاراوەی سەربازیدا بریتییە لە : «سوپایەک کە فێری ڕێوشوێنی شەڕکردن نەکرابێت، لە خێڵ و عەشیرەتی شار و دێهاتەوە دێنە مەیدانی شەڕ و بە کۆتایی هاتنی شەڕ دەگەڕێنەوە ناو ماڵ و خێزانی خۆیان». ئەم جۆرە شەڕە لە مێژینەیە بەڵام لە سەدەی بیستەمەوە یارمەتیدەر و ڕێخۆشکەری سەرکەوتنی شۆڕش بووە.
شەڕی گەریلایی هاوشێوەیە لەگەڵ شەڕی پێشمەرگە لە کوردستان، بەم جیاوازییە کە پێشمەرگە بە تەواو بوونی شەڕ دەست لە چەک هەڵناگرێ بەڵکوو دوای سەرکەوتن، دەبێتە هێزی سەربازی و پاراستن و بەرگری هەرێم.