تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



کوێرباوەڕی/دەمارگرژی
فاناتیسیزم، بە بیر و باوەڕی تەسک و کوێرانە دەگوترێ و مێشک تەسک یان کوێرباوەڕ کەسێکە کە دەربارەی بابەتە جۆراوجۆرەکان، غیرەت و هەست وخوستێکی تایبەت لەخۆی نیشان دەدا و بێ بەڵگە هەڵدەچێ و لایەنگری کوێرکوێرانە لە بابەتێکی سیاسی، ئایینی، کۆمەڵایەتی و ئابووری دەکات. مرۆڤی کوێرباوەڕ، کارەکانی خۆی لەڕووی ئاوەز و ئەندێشەوە ئەنجام نادات و گوتار و کرداری خۆی بە پێوەرە عەقڵییەکان هەڵناسەنگێنێ و لە ژێر کاریگەریی هەست و سۆزدا لە هیچ هەوڵ و کۆشش و فیداکارییەک درێخی ناکات و بۆ سەپاندنی بیروڕای خۆی لە هەموو ئامرازێک کەڵک وەردەگرێ. هەر بۆیە فاناتیسیزم، دژ بە فەلسەفە دەوەستێ چونکە فەلسەفە زانستی بیرکردنەوە و بەکارهێنانی هزر و ئاوەز و بەرهەمی ئاخافتن و گفتوگۆیە.
حاشای لێ ناکرێ کە کوێرباوەڕی لەو مەسەلانەی کە پێویستیان بە تێفکرین و ئەندێشە هەیە، نەوەک بەرەو دۆزینەوەی هەقیقەت ڕێنموونیمان ناکات، بەڵکوو دەبێتە لەمپەرێک لەبەردەم شیاندن و بەڵگاندنی ژیرانەی بابەتەکان. مرۆڤی تەسک بیر، ڕێگەیەک شک نابات جگە لەوەی بیر و بۆچوونی خۆی بە زۆرەملی داسەپێنێت. بەم بۆنەوە دەرفەتی توێژینەوە و شرۆڤەی بیروڕای خەڵکانی دیکەشی لە دەست دەردەچێ.
ودم/ مافی تایبەتی/ زێدەماف
بە گشتی بە مانای بەهرەمەندی کەسێک یان گرووپێکی تایبەت لە ماف یان بەهرەیەک کە جەماوەر بەعام لێی بێ بەهرە بن یان دەستیان پێی نەگات. لە زاراوەی سیاسیدا هەڵگری مانایەکی سووکایەتی ئامێزە چونکە وەبیرهێنەرەوەی ئەم ڕاستییەیە کە مافی تایبەتی، سەمەرەی میرات و جێماوە و داراییە و خاوەن ماف، شیاوی ئەو ودمە نییە. بەڵام کاتی واش هەیە کە بەواتای ماف و ئازادی لێکدراوەتەوە چونکە کەسەکە بە هەوڵی خۆی بەدەستی هێناوە. لێرەدا واتایەکی بلیمەتانەی لێ دەبێتەوە.