تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



ئاسایشی تاک
حاڵەتێکە تاک تێیدا لەوە ناترسێ گیان و ماڵ و ئابڕووی لەدەست بدات، بە جۆڕێک کە نەتوانێ بژی.
تاکباوەڕی
تیۆرییەکی سیاسی و ئەخلاقییە کە بە ئارەزووگەیشتنی تاک، بە دەرەنجامی ژیان و ڕەفتاری کۆمەڵایەتی ناونووس دەکات و لەسەر ئەم گریمانە ڕاوەستاوە کە سوودپەرستی تاک، خۆبەخۆ قازانجی کۆمەڵگەی بە دواوە دەبێ. لەم ڕووەوە، ئەم تیۆرییە لەسەر مافی خاوەنداریەتی وەک مەرجی پێویست بۆ ئازادی لەنگەر دەگرێ و چاودێریی دەوڵەتیش، زەمانێک پەسند دەکات کە بەمەبەستی دابینکردنی ئازادی کردەوەی تاک بێت. بەپێی ئەم تیۆرییە تاک خۆبەخۆ دەبێتە دەرەنجام و سەرەڕای گوشاری کۆمەڵگەش بۆ یەکسانکردنی تاکەکان، دەبێ سەربەخۆ و ئازاد بێ.
ڕیشەی تاک باوەڕی ئەگەڕێتەوە بۆ باوەڕی سۆفستەکانی یۆنان بەڵام لەم چاخەدا بە شێوەی جووڵانەوەیەکی فیکری ئاوێتە بووە لەگەڵ جووڵانەوەی ڕیفۆرماسیۆن لە سەدەی شانزەدا کە لە ئەورووپا سەری هەڵدا. هەر ئەم جووڵانەوە بوو کە هەلی ئازادی تاکەکەسی لە پێوەند لەگەڵ خوداوەند، بێواسیتەی کلێسە و ڕەهابوون لەژێر سوڵتەی کلێسەی ڕەخساند.
ئەغڵەب، تاکباوەڕییان بە واتایەکی ناپەسند بەکارهێناوە و بە مانای دەرچوونی تاک لەژێر تەوزیمی کۆمەڵایەتی و خودپەرستی بێ قەید و بەند لە قەڵەم دراوە بەڵام نووسەرە کۆنەپارێزەکانی سەدەی بیستەم، تاکباوەڕییان زیاتر لە بەرانبەر سۆشیالیزم*و چەشنەکانی دیکەی کۆباوەڕی (کۆلکتیویزم) ئاڕاستە کردووە و لەو ناوانە بۆ داکۆکیکردن لە ماف و ئازادییە سەرەکییەکانی تاک سوودیان وەرگرتووە کە بەڕای ئەوان سۆشیالیزم دەیپووکێنێتەوە.
وەڵاتی تاکەحیزبی
وەڵاتێک کە تێیدا تەنها یەک حیزب ئیجازەی چالاکی سیاسی پێدرابێت و دەسەڵاتی بەدەستەوە بێت. ئەم وەڵاتانە هاوشێوەی سیستەمە دیکتاتۆرییەکان لە ئەژمار دێن. لە بەرانبەر سیستەمی یەک حیزبیدا سیستەمی فرەحیزبی لە ئارادایە. نموونەی هەر دوو سیستەمەکە، وەڵاتی عێراق لە سەردەمی سەدام حسەین و پاش ڕووخانی ئەم ڕژێمەیە لە ساڵی 2003.