تۆڕی زاراوەپارێزیی وشەدان



کیشۆت ئاسایی/پاڵەوان بازی
لە ناوی دۆن کیشۆت، پاڵەوانی داستانی میگڵ سێرڤانتس (1616-1574) ڕۆمان نووسی ئسپانیایی وەرگیراوە کە بە واتای کەسێکی ئایدیال و گێل و بەسەزمان و دوور لە واقیعە کە هەمیشە شکست بخوات.
کەمینە/کەمایەتی
گرووپێک، بە کۆمەڵێ تایبەتمەندی هاوبەشی نەتەوەیی، زمانی، کەلتووری و ئایینی کە بەو پێیە خۆیان لە زۆرینەخەڵکی وەڵاتێک کە تێیدا دەژین، بە جیاواز دەزانن. ئەم هۆشیارییە هاوبەشییەی کەمایەتی لە ئاست ئەم جیاوازییانەدا دەبێتە بنەمایەک بۆ ئامانج گەلێکی سیاسی تایبەت و لەم بەستێنەوە دەکەونە ژێر ئازار و بێعەدالەتی و تاراندن: بۆ وێنە یەکسانبوون لەگەڵ زۆرینە (لە بەرانبەر بێعەدالەتی ئیش و کار) یان ڕەفتارێکی تایبەت (وەک پەروەردە بە زمانی زگماکی) یان داوای خۆدموختاری کردن (بۆ وێنە ئەرمەنییەکان لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، کوردەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین لە دەوڵەتانی ناوچەکە و کاتولیکەکانی ئایرلەندی باکوور). بە دەگمەنیش هەڵدەکەوێ کەمایەتییەک بە پێچەوانەوە، دەستی بە دەسەڵاتی سیاسی بگا و ئینجا زۆرینە نەکەونە ژێر زەخت و فشارەوە (بۆ وینە ڕژێمی ئەفریقای باشوور لە قۆناغی ڕەگەزپەرستیدا). کەواتە «کەمایەتی» و«زۆرینە» بە پلەی یەکەم، چەمکی سیاسی لە قەڵەم دەدرێن بەر لەوەی کە چەمکێکی عەدەدی بن.
لە پێش سەدەی 19 تەنیا کەمایەتییە ئایینیەکان بوون کە لە گۆڕەپانی نەتەوەیی و نێونەتەوەییدا چالاکییان ئەنوێند. لە سەدەی نۆزدە بەملاوە هۆشیاری نەتەوەیی پەرەی سەند، ئینجا کەمایەتییە نەتەوەییەکانیش گرنگایەتی زۆریان پێدرا. کەواتە لە ڕوانگەی ناوخۆییەوە کەمایەتییە نەتەوەییەکان بەزۆری بۆ چاککردنی وەزعی خۆیان دەنگیان هەڵبڕی (بۆ وێنە چیکەکان لە ئیمپراتۆرییەتی بنەماڵی هاپسبۆرگ). کەچی لە ڕوانگەی نێونەتەوەییەوە کەمایەتییەکان بوونە هۆی ئەوەی کە نەتەوەیەک نەتوانێ لە کاروباری نەتەوەکەی دیکەدا دەستێوەردان بکات (وەک ئەوەی کە هیتلەر کەمایەتییە ئەڵمانی زمانەکانی، کردە دەسپێچکێک بۆ گوشارهێنان بۆ سەر دەوڵەتەکانی چێک و پۆڵەندا).
لە ڕوانگەی زانستی سیاسیەوە هەبوونی کەمایەتی لە کۆمەڵگەدا یەکێکە لە مەرجەکانی دیموکراسیەت. بە واتایەکی دیکە، هیچ وەڵاتێک دیموکرات نییە مەگەر ئەوەی کە کەمینەی لە خۆ گرتبێ. بایەخی دیموکراسیەتیش پابەندە بە دەور و ڕۆڵی کەمینە لە کۆمەڵگەدا. کەواتە زامنکردن و بە ڕەسمییەت ناسینی دەوری کەمایەتی لە کۆمەڵگە دەبێتە هۆی مانەوە و بەقای ڕژێمێکی دیموکراتی. بە هەمان شێوە کە هەڕەشە و گوڕەشە لە کەمایەتیش دەبێتە هۆی لەکەدار بوونی دیموکراسی.
ئێستا کە لە 94 وەڵاتی جیهاندا شەڕ و ئاژاوە بەرپایە کە سەرچاوەی زۆریان دەگەڕێتەوە بۆ پشتگوێخستنی خواست و مافەکانی کەمینەکان کە لە لایەن دەوڵەتانی پێوەندیدار بەم مەسەلەوە وەلا دەنرێت.
جوگرافیای سیاسی (جێئۆپۆلیتیک)
پلاندانان بۆ سیاسەتی دەرەوەی وەڵاتێک بە لەبەرچاوگرتنی هۆکارە جوگرافییەکان. بابەتی جوگرافیای سیاسی، خوێندنەوەی بنەما جوگرافییەکانی دەسەڵاتی دەوڵەتە واتە لێکدانەوەی دەوری کەشوهەوا، سەرچاوە سرووشتییەکان، شۆێنکاتی جوگرافیایی، حەشیمەت و تایبەتمەندیە کەلتووریەکان بە سەر سیستەمی سیاسی وەڵاتێک. ئەرەستۆ دەڵێ: بە بێ ڕەچاوکردنی جوگرافیا، ئەقڵی سیاسی بڕ ناکات. «جان بۆدن»، یەکەم بیرمەندی هاوچەرخ بوو کە پێوەندی نێوان زانستی سیاسەت و جوگرافیای بەرجەستە کرد. «مۆنتسکیڤ» و «ڕۆسۆ»، هەرکامیان بە نۆبەی خۆیان لەسەر پێوەندیی هۆکارە جوگرافییەکان و کەشوهەوا بە سەر شێوازی حکوومەتکردن و کاریگەری ئەم هۆکارانە بە سەر سیاسەت و ئازادی خەڵک، توێژینەوەیان کردووە.
یەکێک لە پێشەنگەکانی جوگرافیای سیاسی، «هاڵفۆرد مەکیندر» ( 1947-1861) نووسەری بەریتانی بووە کە پێی وابوو چارەنووسی مێژووی جیهان، ئاکامی شەڕ و ململانێی هێزی وشکایی بووە لە بەرانبەر هێزی دەریاییدا.
بابەتی نوێی جوگرافیای سیاسی، لێکدانەوەی مەسەلە جیهانییەکانە لە ڕوانگەی جوگرافیاییەوە. سەرهەڵدانی ناوەندە جیهانییەکانی دەسەڵاتی نوێ، گرنگایەتی سەرچاوە سرووشتییەکان لەباری دەسەڵاتی سیاسی و پێوەندیی باکوور و باشوور لە جوملەی سەرباسەکانی جوگرافیای سیاسی مودێرنەیە. لێکدانەوەی سنوورە سیاسییەکان و ناوچە سەرسنوورییەکان، هێزی دەریایی و وشکایی و ناوەندە سیاسییە بەهێزەکانی دەسەڵات لە باری جوگرافییەوە بابەتی توێژینەوەی جوگرافیای سیاسییە.
دەستووری بنچینەیی+یاسای بنەڕەتی
دەستووری بنچینەیی بریتییە لە بەڵگەنامەیەکی بناخەیی و بنچینەیی کە لە وەڵاتێکدا سروشتی دەسەڵات و ئەرک و مافەکانی شارۆمەندان دەست نیشان دەکات. دەستوور، شێوازی حکوومەتکردن یا ڕاگواستنی دەسەڵاتە. واتە کۆمەڵە ڕێسایەک کە توانێیی و ڕەفتاری هێزەکانی سەر بە دەوڵەت و مافە سەرەکییەکانی تاک و بەشداری شارۆمەندان لە بەڕێوەبردنی دەسەڵات لەڕێگەی دەنگدان بە نوێنەرانی خۆیان، دەست نیشان دەکات. لە پێناسەیەکی دیکەدا دەستووری بنچینەیی بریتییەلە کۆمەڵێ یاسا کە پێوەندی و چۆنیەتی هەڵسوکەوتی نێوان دەسەڵاتداران و شارۆمەندانی وەڵاتێک دیاری دەکات. دەستووری بنچینەیی لەو وەڵاتانەی کە بنەمایەکی دیموکراسییان هەبێ، لە لایەن کۆمەڵێ نوخبەی سیاسی کە بەپێی هەڵبژاردن لە «ئەنجومەنی دەستوور» یەک دەگرنەوە دەنووسرێ و دواتر بۆ پەسندکردنی جەماوەر دە��رێتە ڕیفراندۆمی دەستووری بنچینەیی (بڕوانە ڕاپرسی). دەستووری بنچینەیی، تاکە سەرچاوەی یاسادانان لە ئەژمار دێت لە هەموو بوارێکی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی و کەلتووری کۆمەڵگەدا.
ئەرەستۆ، دەستووری بنچینەیی بە کۆمەڵێک ئەرک و کرداری وەڵاتێک دەزانێت کە چۆنییەتی دابەشکردنەکەی لە لایەن ئەو دەستوورەوە دیاری دەکرێت و دەسەڵاتی حاکمییەت و ناوەڕۆکی ئەو ئامانجانەی کە دەبێ خەڵکی وەڵاتێک پێی بگەن، دەستنیشان دەکرێت. دەستووری بنچینەیی لە بەستێنی سیاسیدا لەو کاتەوە زەق بۆوە کە سەرچاوەی دەسەڵات لە شازادەیەکەوە گەڕایەوە بۆ خەڵک و بەم دەرکەوتە، ئیدی پاشا و میران، وەکوو «خاوەن دەسەڵات» لەئەژمار نەهاتن بەڵکوو وەکوو دەسەڵاتدارانێک لە قەڵەم دران کە هێز و دەسەڵاتەکەیان لە دەستوورەوە سەرچاوە دەگرێت.
دەستووری بنچینەیی ئەورووپا: بڕوانە پەیمانی ماستریخت.
سارک (یەکیەتی هاریکاری ناوچەیی ئاسیای باشوور)
سارک ناوی ڕێکخراوەیەکە پێکهاتووە لە حەوت وەڵاتی بەنگلادیش، بووتان، پاکستان، سریلانکا، ماڵدیڤ، نیپاڵ و هێندستان کە لە 8/12/1985 لە داکا پێتەختی بەنگلادیش بوونی خۆی ڕاگەیاند. ئامانجی دامەزراندنی ئەم یەکیەتیە زیادکردنی هاریکاری ئابووری دوولایەنە لە نێوان ئەندامانی ناوبراو و هاوکاریکردنی ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانە لەم بەستێنەدا. نووسینگەی هەمیشەیی سارک لە کاتماندۆ پێتەختی نیپاڵ ــە و لە بەرواری 16/1/ 1987 بە شێوەیەکی فەرمی کراوەتەوە.
پرۆتۆکۆڵی گۆڕینی کەشوهەوای کیۆتۆ
ئەم پرۆتۆکۆڵە لە ساڵی 1997 لەنێوان سەرۆکی وەڵاتانی جیهان لە کیۆتۆی ژاپۆن مۆرکرا بەمەبەستی کەمکردنەوەی ئەو گازانەی کە دەبنە هۆی گەرمبوونی گۆی زەوی. واتە چونکە ئەو گازانەی کە لە سووتاندنی سووتەمەنییە فوسیلییەکان (نەوت و گاز و خەڵووزی بەرد) بڵاو دەبێتەوە دەبتێە هۆی گەرمبوون و گۆڕینی کەشوهەوای سەرزەوی، دەبێ وەڵاتان هەوڵ بدەن لە بەکارهێنانی ئەم سووتەمەنییانە کەم بکەنەوە و ڕووبکەنە وزەی هەتاوی و … بۆ پیادەکردنی ئەم پرۆتۆکۆڵە دەبوایە لە لایەن ئەو وەڵاتانەی کە 55% ئەم گازانە بڵاو دەکەنەوە، پەسند بکرێیە. مانگی ژووەنی 2002 لە لایەن پانزە وەڵاتی یەکیەتی ئەورووپا پەسند کرا. هەر لەو ساڵەدا پتر لە 70 وەڵاتی جیهان ئەم پرۆتۆکۆڵەیان پەسند کرد. ڕەشنووسی کیۆتۆ داوا لە وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکات لە قەدەر بڵاوکردنەوەی 36% ئەو گازانە لە ساڵی 1990، بۆ کەمکردنەوەی ئەم گازانە هەنگاو بنێت. کەچی بەم حاڵەش، لەنێوان ساڵەکانی 2002ـــ1997 بڵاوکردنەوەی ئەم گازانە لە ئەمریکا، نزیکەی 8% زیاتر بووە. ئەمریکا تەنها وەڵاتێکە کە لەگەڵ ئەم ڕەشنووسەدا نەیارە.
پەیمانی ڤێرسای
پەیمانی کۆتایی هێنان بە شەڕی جیهانی یەکەم کە لەنێوان وەڵاتانی هاوپەیمان و ئەڵمانیا لە ڕێکەوتی 28/6/1919 لە کۆشکی ڤێرسای پاریس مۆر کرا. بەپێی ئەم پەیمانە کە بریتی بوو لە 15 پاژ و 440 بەند، بەشێک لە خاکی ئەڵمانیا لە لایەن وەڵاتانی فەرەنسە، بەلجیکا، دانمارک و پۆڵەندا داگیر کرا و بڕیاری چەککردنی تەواو لەسەر ئەڵمانیا دەرکرا و بەرپاکردنی دامەزراوە و دامودەزگەی سەربازی لێ قەدەغە کرا.
پاش ئەوەی نازییەکان لە ئەڵمانیا دەسەڵاتیان بە دەستەوە گرت و بە پێگەیشتنی هیتلەر (1933) بەرەبەرە پەیمانی ڤێرسای بایەخی خۆی لەدەست دا و هەموو گەماڕۆ سەربازییەکان هەڵوەشێنرایەوە. ئەمەش ڕێگەی بۆ هەڵگیرساندنی شەڕی جیهانی دووهەم خۆش کرد.
ڕاسپاردەی باڵای پەنابەرانی نەتەوەیەکگرتووەکان
ئەم ڕاسپاردە لە ژانوییەی 1951 دوو ئەرکی سەرەکی پێ سپێردراوە: یەکەم، ئاسانکاری بۆ پشتیوانی و پاراستنی نێونەتەوەیی پەنابەران. دووهەم، دابینکردنی پێداویستی و کەرەستەی ئابووری و کۆمەڵایەتی و قانوونی بۆ سەقامگیربوونی پەنابەران لەو وەڵاتانەی کە تێیدا دەژین و وەڵاتانی نوێ. بارەگای ئەم ڕاسپاردە لە شاری جنێڤا لە سویسرایە و هەموو کاروباری پەنابەران، بێجگە لەو ئاوارە و پەنابەرانەی کە وەڵاتێکی دیکە بەرپرسیارییەتی بەرعۆدە گرتووە بۆ وێنە ئاوارەکانی فەلەستینی لە ئەستۆ دەگرێ. بوودجەی ئەم ڕێکخراوە لە لایەن دەوڵەتانەوە دابین دەکرێت. ساڵی 1954 خەڵاتی نۆبێلی ئاشتی بەم ڕێکخراوە بەخشرا.
ڕای گشتی
پەرچەکرداری زۆربەی خەڵک لە بەرانبەر ئەو بابەت و ڕووداوانەی کە لە کۆمەڵگەدا زۆر گرینگن یان لانێکەم زۆرینەی خەڵک بە گرینگی دەزانن. ڕای گشتی، بیروبۆچوون و هەڵسەنگاندنی هاوبەشی گرووپێکی کۆمەڵایەتییە لەمەڕ بابەتێکی جێگای سەرنجی گشتی کە لە کاتێکی دیاریکراو لەنێوان زۆرینەی جەماوەردا بەرجەستە بووبێت. ڕای گشتی، دەنگدانەوەی ڕەهەندی کۆمەڵایەتی مرۆڤە کە دەتوانێ لە پرۆسەی گۆڕانی بارودۆخەکان کاریگەریی دابنێت. پێشینەی ئاگەداربوون لە ڕای گشتی دەگەڕێتەوە بۆ چالاکییەکانی جۆرج گالۆپ لە ساڵانی1930 لە ئەمریکا. لەم وەڵاتەدا زیاد لە هەموو وەڵاتێکی دیکەی جیهان، هەوڵ دەدرێت لە ڕای گشتی ئاگەدار بن.
ئێستە ڕای گشتی لە زۆربەی وەڵاتان بەهای پێ دەدرێت و بۆتە کانگایەکی ڕاستەقینەی دەسەڵات و ڕێژەی گرینگی پێدان بەم بابەتە پەیوەستە بە ئاستی گەشەسەندن و پەروەردەی سیاسی کۆمەڵگە.
ئەو دامودەزگەیانەی کە لەسەر ڕای گشتی دەور دەبینن بریتین لە: کتێب، ڕۆژنامە، ڕادیۆ و تەلەفیزیون و ئامێری نوێی ئەنتەرنێت. بەم بۆنەوە دەوڵەتەکان هەوڵ ئەدەن بە کەڵکوەرگرتن لەم ئامێرانە و بەرنامەی سەتەلایت (مانگی دەسکرد) و تەلەفیزیۆن، سەرنجی ڕای گشتی بەرەو لای خۆیان ڕاکێشن. لە زۆربەی وەڵاتان لە گەرمەی هەڵبژاردنەکاندا هەندێ دامودەزگەی ڕاوەرگرتن هەیە کە زۆرجار بە دروستکەری ڕای گشتی لە قەڵەم دەدرێن. بۆ وێنە لەو کاتانەدا ڕادەگەیەنن کە فڵانە پاڵێوراو 70% دەنگەکانی جەماوەر بەدەست دەهێنێ کە ئەمە ڕاستەوخۆ کاردەکاتە سەر ڕای گشتی و پێگەی ئەو پاڵێوراوە لەناو خەڵکدا بەهێز دەکات.
ئەم زاراوە لە زۆربەی وەڵاتان بەکار دێت و مانای بیروڕا و بۆچوونی خەڵکە دەربارەی بابەتێکی تایبەت. هەڵبەت بۆچوونی زۆربەی خەڵک دەربارەی بابەتەکان هەمیشە هەقیقی و بێخەوش دەرناچێ چوونکە لە ڕاوەرگرتنەکاندا بیروڕای هەموو خەڵک چ خەڵکانی ڕووناکبیر و خوێندەوار و چ خەڵکانی ساکار و نەخوێندەوار بە یەک چاو سەیر دەکرێن. لە لایەکی دیکەوە چونکە زۆربەی خەڵک زانیاری تێروتەسەلیان لەمەڕ بابەتە جۆراوجورەکان نییە و لەژێر کاریگەریی هەست و سۆزدا بڕیار دەدەن، هەر بۆیە زۆرجار دەرەنجامەکانی ڕای گشتی بە ڕاست دەرناچێ.
ڕێکخراوەی هاوبەندی ئەمریکای لاتین
ئەم ڕێکخراوە لە ژانوییەی 1966 لە پەراوێزی «هاوبەندی حیزبە کۆمۆنیستەکانی ئاسیا، ئەفریقا و ئەمریکای لاتین» لە شاری هاڤانا، پێتەختی کووبا دامەزرا. بە دامەزرێندنی ئەم ڕێکخراوە سەرکەوتنی کاسترۆ و تیۆری شۆڕشی جووتیارییەکەی بەسەر حیزبە کۆمۆنیستەکانی ئەمریکای لاتین کە تا ساڵی 1964 دژایەتییان دەکرد، مسۆگەر بوو.
کۆمپانیای فرەنەتەوە
کۆمپانیا فرە نەتەوەکان، لە ئابووری و سیاسەتی نێودەوڵەتیدا بە دیاردەیەکی نوێ دادەنرێن کە بەهۆی پەرەپێدان و بەرفرەوان کردنی دەسەڵاتی خۆیان لە دەرەوەی سنوورە نەتەوەییەکان، ڕۆڵێکی گەورە لە سیاسەتی ئابووری جیهان دەگێڕن. ئەم کۆمپانیانە پەرە دەدەن بە چالاکی بازرگانی و پیشەسازیی خۆیان لە سەرانسەری جیهان بەتایبەت لە وەڵاتانی ڕووەوپەرەسەندن و لقێکی لاوەکی کۆمپانیاکە لەم وەڵاتانە دادەمەزرێنن، بۆ نموونە کۆکاکۆلا. ئەم کۆمپانیانە ئەمێستا، بوونەتە دێوەزمەیەکی گەورەی ئابووری و سیاسی و لەم وەڵاتانەدا وەها ڕیشەیان داکوتاوە کە دیاریکردنی ڕەگەز و نەتەوایەتیان کارێکی دژوارە. کۆمپانیا فرەڕەگەزەکان، بە سەرمایەدانان لەم وەڵاتانە و سوود وەرگرتن لە سەرچاوەی سروشتی و وزەی کاری هەرزان، قازانجێکی زۆر بەدەست دەهێنن و لەم ڕێگەدا بەرژەوەندی ئابووری وەڵاتەکان دەخەنە مەترسییەوە. گەورەترین ناوەندەکانی ئەم کۆمپانیانە لە وەڵاتانی ئەمریکا، بریتانیا، ئەڵمانیا، فرەنسی و ژاپۆن جێگیر بوون.
کۆنفرانسی ئاشتی لاهای (1899)
ئەم کۆنفرانسە بە دەست پێشخەری نیکۆلای دووهەم، ئیمپراتۆری سۆڤیەت دامەزرا و لەسەر سێ مەسەلەی سەرەکی ڕێککەوتن:
1ــ دامەزراندنی دیوانی هەمیشەیی دادوەری، وەک سەرچاوەیەکی بڕواپێکراو.
2ــ ئامادەکردنی یاسا و ڕێسای شەڕی زەوینی.
3ــ پیادە کردنی ڕێککەوتننامەی 1864 جنێڤ دەربارەی شەڕی دەریایی.
کۆنفرانسی دووهەمی لاهای لە ڕێکەوتی 15/6/1907 گرێدرا و سەرەڕای بە ئەنجام گەیاندنی بڕیارەکانی کۆنفرانسی یەکەم، ڕێککەوتنێکی نوێی لە بابەت ڕێساکانی بێلایەنی و شەڕی دەریایی بە ئیمزا گەیاند.