دایکوباوکانی هێژا، سڵاوتان لێ بێت،
وا وەرزی یەکەمی خوێندن لە فێرگەکەمان ڕوو لە کۆتایە، ئەم وەرزەش بۆ هەموان سەرەتای پرۆسەیەکی سەخت بوو بۆ پرۆژەیەکی میللی و گەلدەستی وەک برادۆست. هەوڵی نەپساوەی مامۆستا و بەڕێوەبەرایەتی فێرگە لە لایەک و سەرنجی خێزان و چالاکی لێژنەکانی دایکوباوکان، قۆناخێکی دیکەی پرۆسەکەمانی ڕەنگڕێژ کرد.
وەک ئاگادارن، لە فێرگەکەماندا لایەنێکی سەرەکی کار «ڕەفتارسازی»یە، ئەمەش بەم داکەوتەی ئەمڕۆی وەڵات وزەیەکی نەفەسبڕی پێویستە، هەربۆیە چوار هەفتەی یەکەم تەرخان کرابوو بۆ ئەم مەبەستە، هێشتا لە دەستپێکی پرۆسەکەشداین، چونکە بارهێنانی نەوەیەکی ڕەفتارساز کارێکی دوورودرێژەو و بەردەوامی دەوێت.
لە دوانامەی ئەم وەرزەدا، دەمانەوێت سەرنجتان بۆ چەند خاڵیک ڕابکێشین کە مەبەستن،
- زمانی ئینگلیزی، بەهۆی درەنگ دەستهێنانی بینای باڵەخانەکەمان، ئەو مامۆستا بیانیانەی پەیمان بوو لە کاتی خۆیدا دەستبەکار بن، لە ئێمەوە دواخرا (دواکەوت)، چونکە دڵنیا نەبووین لە کاتی وەرگیرانی باڵەخانەکە، کاتێکیش وەرگیرا، درەنگ بوو. لەبەر ئەوە ناچار بووین سوود لە مامۆستایانی وانەبێژی خۆوەڵاتی وەربگرین، ئەمەش داهێزانێکی خستە پلانی کاری برادۆست ـەوە، بۆ وەرزی دووەمی خوێندن، بە پلانێکی تەژەند، زمانی ئینگلیزی تەواو ڕادەهێزرێت و کاتێکی تەواوی بۆ دادەنرێت. ئەمەش پۆلەکانی 1، 2 و 5 دەگرێتەوە.
- وانەی عارەبی، بەهۆی ڕۆیشتنی مامۆستا تەرزە بۆ دەرەوەی وەڵات، ماوەیەکی کورت ئەم وانەیە دوا کەوت، تا دەستخستنی مامۆستایەکی کارا و بەگەڕخستنەوەی وانەکە، کاتی ویست، لە ئێستەشدا پلان ئامادەیە بۆ کۆکردنەوە و ڕاهێزانی وانەکە.
- ڕاهێزانی توانای فێرخواز، هەمان مامۆستای عارەبی سەرپەرشتی پرۆژەی «ڕاهێزانی توانای فێرخواز» دەکات کە لە کاتێکی تایبەت و بۆ وانەیەکی تایبەت هاوکاری فێرخوازی دیاری کراو دەدات.
- وەک نەرێت و بەرنامەی برادۆست، هەمیشە لە کۆتایی وەرزدا ئاهەنگی تایبەت بۆ منداڵان ساز دەکرێت بە ئامادە بوونی دایکوباوکان، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی سەرقاڵیی بەردەوامان لەگەڵ کارەکاندا، ئەم بۆنەیەمان کەمێک دواکەوت، لەبەر ئەوە بڕیارمان داوە ئەم ئاهەنگە تەنها بۆ
منداڵەکان بکرێت و هەفتەی 51 و 52 مان بۆ تەرخان کردوە. سەرلەبەیانیانی هەفتەی 51 تەرخانە بۆ ڕووپێ و هەڵسەنگاندن و مەشق تەرخان دەکرێت. لە بەڕێوەبەرایەتی فێرگەوە پاش ڕاوێژ بڕیارمان دا ئاهەنگێکی تێروتەسەل لەسەر ئاستی پۆلەکان بۆ بەهار و بۆنەکانی ئادار ساز بکەین.
- بەپێی ساڵنامەی کاری برادۆست (لە و. پەروەردەش سەلمێنراوە) پشووی زستانە لە 21/12 دەست پێدەکات و لە 05/01 کۆتایی دێت، ڕۆژی 06/01 یەکەم ڕۆژەی دوامی وەرزی دوەمە. تکایە ئاگادار بن کە برادۆست پابەندی ساڵنامەی خۆیەتی و پەیوەندی بە پشووە حکوومەتییەکانەوە نیە. ساڵنامەش لە سایتی www.bradost.net دانراوە.
دوا بڕگەی نامەکەمان تایبەتە بە کرێی هاتوچۆ، بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی لەگەڵ برا شۆفێرەکاندا هەیە، گەر پشوو لە دوو ڕۆژ زیاتر بێت دەبێت لە کرێی مانگانە ببڕدرێت، فەرموو ئەمەش پێشنیازی کرێی ئەم مانگەیە کە بیدەنە شۆفێرەکان، بۆ ناو ڕانیە، 18.500 دینار و بۆ دەرەوەی ڕانیە 25.750 دینار. تکایە لەم هەفتەیەدا کرێکەیان بۆ بنێرن.
پشوویەکی خۆش بۆ هەموان دەخوازین بە ئومێدی سەلامەتی و هەرچی زووترە دیدار...
لە بەڕێوەبەرایەتی فێرگەوە
سەجاد عەبدوڵا حوسێن