دایکوباوکانی هێژا،
لە پرۆسەی فێرگەی هاوچەرخدا، خێزان ڕۆڵێکی تایبەتیان هەیە، لەبەرئەوە هەر وەک پار ساڵ ناوە ناوە لە گۆڕانکاری و کارەکان ئاگادارتان دەکەینەوە.
ئازیزان، ڕەفتار و گوتاری مرۆڤ لە نێو جڤاتدا (کۆمەڵگەدا( هونەری هەمەجۆری هەیە، هەڵسوکەوتی تاک وەک زۆربەی هونەری دیکە پێویستی بە وردەکاری، ڕاهێنان و بار هێنان هەیە.
بۆ پەروەردە کردن و ڕاهێنانی فێرخوازان لەسەر ئەم هونەرانە لە فێرگەکەماندا وەک بەرنامەی کار، هەفتەی بابەتێک یا دوو دەخەینە بەر باس لەگەڵ فێرخوازان، بە شێوازی گفتوگۆ. هەر بابەتێکیش باسی لێوە کرا، بە نامە بۆتان ڕەوانە دەکەینە ماڵەوە بە مەبەستی ئاگایی لە چەندێتی پەیڕەوکردنی ئەم هونەرانە لە لای منداڵەکەت، بۆ ئەوەی بە هاوئاهەنگی هەردو لا بتوانین مرۆڤێکی ڕەوشت بەرز و خاوەن کەسایەتیەکی بەرز باربهێنین لەنێو جڤاتدا. ئێوەی بەڕێزیش هەر سەرنج و بۆچونێکتان هەبوو لەسەر هەر بابەتێک ئاگادارمان بکەنەوە.
دوو بابەت لەم هەفتەی ڕابوردوو باسی لێوە کراوە دەبێتە هاوپێچەی ئەم نامەیە.

وێرای ڕێزێکی بێسنورمان ...

سکاڵا حەمەد ئەمین
لە بەڕێوەبەرایەتی فێرگەوە
2012-09-24


قسە کردن
* هەر کاتێک بمانەوێت قسە بکەین دەبێت بیربکەینەوە چی دەڵێین.
* قسە بەکەس نابڕین و ئەگەر بمانەوێت قسە بکەین چاوەڕێ دەکەین تا بەرانبەرەکەمان لە قسەی خۆی دەبێتەوە.
* لە کاتی قسەکردن، نە دەنگ ئەوەندە بەرز بکەینەوە کەسانی دیکە هەراسان بکەین، نە ئەوەندەش دەنگمان نزم بێت لێمان تێنەگەن، دەبێت دەنگ لە مەودای خۆی بێت.
* ئەگەر قسەیەک پەیوەندی بە ئێمەوە نەبێت ناچینە ناو باسەکەوە و لە هیچ شتێک ناپرسین.
* لە باسکردنی هەموو شتێک ڕاستگۆ دەبین و سوێند ناخۆین، قسەی مرۆڤی ڕاستگۆ سوێندی ناوێت.
* زۆر درێژە نادەین بە قسە کردن.
* لە کاتی قسەکردن دەست بەکارناهێنین و پەنجە بۆ کەس درێژ ناکەین.
* کاتێک دووکەس بەیەکەوە قسە دەکەن ناچینە ناو باسەکەوە.
* گەر لە شوێنێک چەند کەسێک بووین نابێت لەگەڵ یەکێک فسکە فسک بکەین و دیاردەیەکی ناشیرینە.
دانیشتن لەناو ئوتومبێل
* لەناو ئوتومبێل پێش هەموو شتێک خۆمان دەبەستینەوە.
* تا بکرێت قسە لەگەڵ شوفێر ناکەین.
* جووڵە جووڵ ناکەین و دەستکاری هیچ شتێک ناکەین.
* جام ناکەینەوە و دەست و سەر لە جام نابەینە دەرەوە.
* تا بکرێت خواردن ناخۆین و ناو ئوتومبێل پیس ناکەین.